Heman Husseın Yaseen
29 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
دوای تەواوبوونی کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، محەمەد فەرەج رایگەیاند کە لە کۆنگرە تاوتوێی ئەو گیروگرفتانە کراوە کە ماوەی چوار ساڵە کەڵەکە بووە و هیوای خواست چوار ساڵی ئایندە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بگەڕێتەوە دۆخی جاران.
محەمەد فەرەج لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە کۆنگرەدا ئەو خواست و ئاواتەنەی ئەندامەکانی یەکگرتوو کە لەماوەی چوار ساڵدا کەڵەکەیان کردووە ئەمڕۆ دەرکەوت و قسەی زۆری لەسەر کرا و جەختی زۆری لەسەر کرا بە ئاراستەی چارەسەرکردن، هیوادارین ئەم چوار ساڵە بتوانین قسەکان بکەین بە کردەوە".
محەمەد فەرەج گوتیشی: "دوو مەبەست دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، یەکەمیان بتوانین لە چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان بەشداربین، دووەمیان بتوانین یەکگرتوو بکەین بەو هێزە کە لەو گۆڕەپانەدا رۆڵی خۆی ببینێت".
ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هیوایشی خواست کە یەکگرتوو بگەڕێتەوە دۆخی جاران و گوتیشی: "بێگومان هەموو کەمکردنێک گەورەکردنێکی بەدواوەیە و بە هەوڵی هەموولایەک دەتوانین خواستەکان بهیێنینە دی و هیوادارین یەکگرتوو بگەڕێتەوە ئەو ئاستەی خۆی بۆ خزمەتکردنی نیشتمان".
دوای ئەوەی دوێنێ شەممە ٢٨/١٢/٢٠١٩، کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شاری ھەولێر دەستی پێکرد و تیایدا پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەنگی لەسەر درا و، دواتر ئەمینداری گشتی و پاشان ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و دەستەی باڵای چاودێری و بەدواداچوون ھەڵبژێردران، ئەمڕۆش یەکشەممە، دووەم رۆژی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆتاییهات و بەلاغی کۆتاییش رادەگەیەندرێت.