Hemn Baban
28 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2016
هەولێر
ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی لە گوتارەکەیدا باسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەشی كرد و گوتی: "ئەگەری دیزاینكردنەوەی ناوچەكە هەیە".
ئەمڕۆ شەممە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێرسەعات 10ی سەر لە بەیانی كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەستی بە كارەكانی كرد بە بەشداری هەزار و 127 ئەندام و بڕیارە ئەمڕۆ ئەندامانی كۆنگرەكە هەریەك لە ئەمینداری گشتیی حزب و ئەنجوومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی هەڵبژێرن كە بە دیارترین كارەكانی كۆنگرە لە پاڵ پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە دەزانرێت.
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی محەمەد فەرەج لە گوتارێكدا كە نزیكەی یەك سەعاتی خایاند لە كۆنگرەكەی ئەمڕۆی حزبەكەیدا باسی چەندین تەوەری كرد كە زۆرێكیان بریتی بوون لە هەڵوێستەكانی حزبەكەی لە چوار ساڵی رابردوودا.
ناوبراو لەسەرەتای گوتارەكەیدا سڵاوی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێش هەموو كەسێك نارد و دواتر سڵاو بۆ خەڵكی كوردستان و پاشان بۆ بنەماڵەی شەهیدان و دواتر عەداڵەتخوازان.
محەمەد فەرەج لەپاش سڵاو ناردن دەستپێكی گوتارەكەی باسی لە رێككەوتننامەی سایكس-پیكۆ كرد و گوتی ئەو كۆنگرەیە لە كاتێكدایە كە چەند رۆژێكی كەمە 100 ساڵ بەسەر ئەو رێككەوتننامەیە تێدەپەڕێت كە بووە هۆی پەرتەوازەكردنی كورد و ستەمێكی گەورەی لە گەلی كورد كرد بە دابەشكردنی و رووبەڕووكردنەوەی لەگەڵ چەندین نەهامەتی.
ئەو گوتیشی: "بەهۆی رووداوەكانی ئەمدواییەی ناوچەکە كە بەخێرایی تێدەپەڕن ئەگەری دیزاینكردنەوەی ناوچەكە هەیە".
هەروەها باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "بێمتمانەیی نێوان حكوومەت و خەڵك بەگشتیی و پەكخستنی پەرلەمان و ئیفلیجكردنی حكوومەت و تێكچوونی باڵانسی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان و كۆچی بەلێشاوی گەنجان و پەیوەندیی دەوڵەتە هەرێمییەكان ئێستا بووەتە رووداوی گەورە و ئەگەر یەكگرتوو نەبوایە بارودۆخی هەرێمی كورستان بەرەو دۆخی خراپتر تێدەپەڕی".
محەمەد فەرج ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە یەكگرتوو و یەكگرتووەكان دەبێت شانازی بەخۆیانەوە بكەن كە بە قسەی ئەو "حزبەكەیان بووەتە هەوێنی یەكپارچەیی خاكی كوردستان، هەمیشە بارەگاكانی یەكگرتوو ئەڵقەی پێكەوەدانیشتن و گرێدانی لایەنەكان بووە".
سەبارەت بە هەنگاوەكانی یەكگرتووی ئیسلامی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی کوردستان گوتی: "كاركردن بۆ بەدەستووریكردنی ژیانی سیاسی لە رێگەی هەمواركردنەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی سیستەمی پەرلەمانی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پەیڕەوكردنی نامەركەزییەتی كارگێڕی لە هەوڵە دیارەكانی یەكگرتوو بوون بۆ جێبەجێكردنی ئەوانە".
گوتیشی: "هەروەها كارمان كردووە و دەكەین بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی هاوسەنگ لە نێوان گەلی كورد و گەلانی دراوسێی ناوچەكە".
لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر چاكسازی و گەرەنتی چارەسەركردنی گەندەڵی، محەمەد فەرەج باسی لە دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان وەكو بنەمایەكی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی کرد.
دواتر چووە سەر بەهاری عەرەبی و بە "شۆڕشی گەلانی ناوچەكە" ناوی برد و پێی وابوو كە ئەوە رووداوێكی سادە نەبوو بەتایبەت بە قسەی ئەو بزوێنەری ئەو شۆڕشانە بزاڤە ئیسلامییەكان بوون.
سەبارەت بە بەشداریكردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە كابینەكەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی لەسەر داوای ئەندامەكانییان پاش وەرگرتنی بۆچوونیان بووە و ئاشكراشی كرد "87 لەسەدی ئەندامان لەگەڵ بەشداریكردن بوون لەحكوومەت كە دوای ماوەیەكی زۆر لە ئۆپۆزسیۆن هات، ئێمە لەگەڵ ئەوە بوون ئیدی سەردەمی قۆرخكاری رزگارمان ببێت و حكوومەتی بنكە فراوان ببێتە سەرەتایەكی باش بۆ شەراكەت و شەفافییەت، هەر بۆیەشە حكومەتی زۆرینەمان لەلا پەسەند نەبوو".
سەبارەت بە شەڕی داعشیش گوتی "یەكگرتوو رۆڵی باشی بینیوە لە بڵاوكردنەوەی بیری میانڕەوی و پاراستنی گەنجانی كوردستان".
دەربارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان ئاڵۆز كرد، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی لە درێژەی گوتارەكەیدا دەڵێت: "ئەم پرسە لە دیدی ئێمەوە تەنها پرسێكی یاسایی نییە، بەڵكو رەهەندێكی سیاسییشی هەبووە. بۆیە پێش چارەسەری سیاسی پێمان وابوو دەبێت رێككەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنەكان بكرێت و سەرجەم كوتلە و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان رازی بكرێن و لەسەر ئەو پرسە رێكبكەون بۆ ئەوەی دۆخێكی یاسایی بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە و پرسی نایاساییبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی چارەكردبا".
ئەو گوتیشی: "نە شەڕی داعش و نە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نەبوونە بەهێزكردنی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكان و ناكۆكییەكانی زیاد نەكرد ئەوەندەی ئەو پرسە كردی، وای لێ هات دوژمنانیش سوودی لێوەر بگرن".
هێمای بۆ ئەوە كرد بۆ ئەوەی دابڕان نەبێت حزبكەی پشتی بە پڕەنسیپی سازان بەستووە.
زیاتر لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان دوا و گوتی "لەگەڵ ئەو هەڵمەتە بێ ویژدانانەی كرایە سەر یەكگرتووی ئیسلامی، دوور لە یاسا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رێگری لێ كرا و ناردنەوەی وەزیرەكانیش چاوەڕوانكراو بوون، ئەوەش كاریگەریی لەسەر سومعەی هەرێم بەخراپی هەبوو و دابڕانەكانی قووڵتر كردەوە".
محەمەد فەرەج لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە پرۆژەی هاوبەشی هێزە ئیسلامییەكان لە كوردستان كرد و بە "گرنگ" ناوی بردن بۆ یەكخستنی دەنگەكان.
لەكۆتایی گوتارەكەیدا ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان محەمەد فەرەج رایگەیاند كە خۆی لە پاڵاوتن بۆ ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی دەكشێنێـتەوە لەپێناو یەكێك لە پاڵێوراوەکانی دیكە و داواشی كرد كە پاڵێوراوەكانی دیكەش بكشێنەوە.
جێی ئاماژەیە لە كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی چوار پاڵێوراو هەبوون ئەوانیش ئەمینداری ئێستای حزب محەمەد فەرەج، ئەمینداری پێشوو سەڵاحەدین بەهائەدین، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی محەمەد رەئوف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەبووبەكر كاروانی.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە شەشی شوباتی 1994 وەكو هێزێكی ئیسلامی هەڵگری بیری میانڕەویی و چاكسازی خۆی راگەیاندووە، بە یەكێك لە پارتەكانی هەڵگری بیری ئیخوانی دەژمێردرێت و بە چوارەم گەورەترین حزبی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جەماوەری دەزانرێت، یەكگرتوو خاوەنی 10 كورسییە لە پارلەمانی كوردستان و لە پەرلەمانی عێراقیش چوار كورسیی هەیە، خاوەنی ئاڵایەكی قاوەییە كە لۆگەیەكی تێدایە هیلالێكی نیمچەی تێدایە كە دوودەستی لەسەرە و لەسەرەوەشیاندا چیایەك هەیە كە ئاماژەیە بۆ چیاكانی كوردستان.