قاھیرە
نووسینگەی راگەیاندنی تارق ھاشمی بڵاویکردەوە ھاشمی بەو مەرجەی لەدادگایەکی بێ لایەن دادگایی بکرێ، ئامادەیە بچێتە بەردەم دادوەرو وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە ئاراستەی کراون.
جێگری پێشووی سەرکۆماری عێراق بۆ بەشدارییکردن لەدانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا سەردانی برۆکسلی کرد بوو.
نووسینگەی راگەیاندنی ھاشمی نووسیویەتی "ئەگەر گرەنتی دادگایەکی بێلایەن ھەبێ، بەڕێز تارق ھاشمی ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگای وڵاتەکەی. بەڵام حاڵی حازر لەعێراق دادگا بێلایەن نییە، میدحەت ئەلمحەمەد سەرۆکی دادگا، لەگەڵ ئۆفیسی نوری مالیکی ھەماھەنگی ھەبووەو ھەموو فەرمانەکانی لەوێ وەرگرتووە، بەمەش دەرفەتی دادگای بێلایەن لە عێراقدا نییە. ئەم دیاردەیە لەناو وڵات و دەرەوەی وڵات متمانەی عێراقی لەکەدار کردووە".
لەدرێژەی راگەیاندنەکەی ھاشمی دا ھاتووە" ئەگەر دەرفەتیان پێ بدرێ تا بێتاوانی خۆیان بسەلمێنن، بەخۆی و ستافەکەی کە ئەشکەنجە دراون ئامادەن بچنە بەردەم دادگا"
تارق ھاشمی بەتاوانی "بەشداریی کردن لەتاوان و پیلانداڕشتن بۆ کاری تێکدەرانە" لەلایەن دادگای باڵای تاوانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە. بەڵام ھاشمی ھەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.