ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی گشتی جەھەپە (فاروق لۆغۆغڵو) سەبارەت بە راپۆرتی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە بارەی پێشکەوتنەکانی تورکیا رایگەیاند: توڕەبوونی ئاک پارتی لە راپۆرتەکە نیشانەی زاڵبوونی عەقڵیەتی بێ ھیواکردنی حکومەت لە ئەندامبوون لە یەکێتی ئەورووپایە.
لۆغۆغڵو لە راگەیندراوێکدا رایگەیاندووە: ھەر وەکو راپۆرتەکانی رابردوو لە راپۆرتی ئەمجارەی یەکێتی ئەوروپادا باسی ھەڵوێست و سیاسەتە نادیموکراتیکەکانی ئاک پارتی و کەموکورتییەکانی دەسەڵاتی سیاسی تورکیا کراوە.
فاروق لۆغۆغڵو ئاماژەی پێداوە کە ھەڵسوکەوتی ناشیاوی دەسەڵاتی تورکیا، بوەتە ھۆکاری ئەوەی کە تورکیا نەگاتە جێگا و پێگەی شایەنی خۆی و دوور کەوتنەوەی تورکیا لە شارەستانییەت و پێشکەوتن.
سەبارەت بە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنیش، لۆغۆغڵو رایگەیاندووە: ئاک پارتی پاکێجەکانی دیموکراتیزاسیۆن پارچە پارچە پێشکەش دەکات و ئەمەش ھەڵەیە چونکە پێویستە حکومەت و ئاک پارتی ئەو ھەنگاوانەی کە بۆ دیموکراسی پێویستن بە شێوەیەکی بەرفراوان و یەکجارەکی جێبەجێ بکات.
جێگری سەرۆکی جەھەپە لە کۆتایی راگەیندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات گوێ بۆ رەخنە و پێشنیارەکان رابگرێ و نەبێتە ھۆکاری دابڕانی تورکیا لە جیھان کە ساڵی رابردوو راپۆرتی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپای فڕێدابوو و بە ھۆی رەخنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لە بەرامبەر ھەڵوێستی حکومەت لە کاتی رووداوەکانی پارکی گەزیدا و گوتبووی بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا بۆ من ھیچ بایەخێکی نییە.