ماردین
وەزیری ناوخۆی تورکیا (موعەمەر گولەر) لە میانی سەردانی بۆ پارێزگای ماردین، لە گەڵ دانیشتووانی ئەو ناوچەیەدا کۆبوویەوە و جەژنە پیرۆزەی لێکردن.
گولەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەی (دارگەچێت)دا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی کوردی کرد و گوتی" ئێمە دەمانەوێ ئەو تەبایی و ئارامییەی بەھۆی قۆناغی چارەسەرییەوە ھاتووتە ئاراوە بەردەوامبێ و پێویستە ھەرکەس نرخی ئەو ئارامی و تەباییە بزانێ.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا کە پرسی ئایا بۆ چی سووریانییەکان نابنە سەرباز و پۆلیس؟ گولەر گوتی" سوووریانییەکانی تورکیا کەمینە نین، ھاووڵاتی کۆماری تورکیان. کەمە نەتەوەکانیش ھاووڵاتی کۆماری تورکیان و خاوەن ھەر جۆرە ماف و ئازادییەکن".
موعەمەر گولەر باسی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیایشی کرد " پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا دەبێتە ھۆی بەرز و بەھێزتر کردنی پێوانەکانی دیموکراسییەتی تورکیا".
لە بارەی دروستکردنی دیوار لە سەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: ھیچ جۆرە دیوارێک لە سەر سنوور دروستنەکراوە و ئەو دەنگۆیانە کە لەو بارەیەوە بڵاو دەکرێنەوە تەنیا پروپاگەندەن.
گولەر زیاتر گوتی" لە ناوچەیەکی سنووریدا مین و تەقەمەنی ھەیە، بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی ھاووڵاتییان لە چواردەوری ئەو ناوچەیەدا دیوارمان دروستکردووە. سنووری ئێمە لەگەڵ سوریا ٩١١ کلیۆمترە، ئایا کەس دەتوانێ لە سەر سنوورێکی ئەوەندە درێژ دیوار دروست بکات؟ باوەڕ ناکەم ئەو جۆرە پرۆپاگەندانە لە لایەن منداڵەکانیشەوە گرنگیان پێ بدرێ".