سلێمانی
نوێنەری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە توركیا بەهرۆز گەڵاڵی لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ئاستی پەیوەندییەكانی حزبەكەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و پرۆسەی ئاشتی و هەڵبژاردنەكانی ناوخۆی توركیا و كاردانەوەی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و نامەكەی ئۆجەلان بۆ تاڵەبانی دەكات.
بەهرۆز گەڵاڵی سەرەتا لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیاوە دواو گوتی: "پەیوەندییەكانمان لە ئاستێكی باشدایە و هەر لەسەرەتاوە یەكێتی و خودی مام جەلال رۆڵی گەورەیان هەبووە، لە دروستكردنی پەیوەندییەكان ، دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلالیش وەفدێكی باڵای یەكێتی سەردانی توركیایان كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا كۆبوونەوە، ئێستاش پەیوەندییەكان لە ئاستێكی باشدایە و بەردەوامی هەیە".
گەڵاڵی راشیگەیاند کە: "نەخۆشكەوتنی مام جەلال نەك لەسەر ئەو پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا، بەڵكو كاریگەری لەسەر هەموو جومگەكانی سیاسەت كردووە و بۆشاییەكی گەورەی دروست كردووە، كە زۆر بە ئاسانی پڕ ناكرێتەوە ، بەڵام بە هەوڵی هەموولایەك پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا ئاساییە".
لە بارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و ئەنقەرەشەوە گوتی: "توركیا مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و ئاستی پەیوەندییەكان باشە، بەتایبەت دوای سەردانەكەی ئەم دواییەی شاندی حكوومـەتی هەرێم كە بووە هۆی ئیمزاکردنی چەندین رێكکەوتنامە لەنێوان هەردوولا".
نوێنەری یەكێتیی لە توركیا هەروەها گوتی: "پەیوەندییەكانی هەردوولا لەسەر بنەمای هاوبەش و ئەو بنەمایەیە كە هەردوولایان پێویستیان بە یەكتر هەیە و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە".
لە بارەی هاوكاری توركیا بۆ هەرێم لە جەنگی بەرەنگاریبوونەوەی داعش، نوێنەرەكەی یەكێتی رایگەیاند: "كردنەوەی رێگا لە خاكی توركیاوە بۆ كۆبانی و چوونی پێشمەرگە لەو رێگایەوە گۆڕانكارییەكی گەورە بوو، لەسەرەتای شەڕەكەشەوە توركیا هاوكاری ناردووە بۆ هەرێم و پشتیوانی سەربازی پێشكەش كردووە و خولی مەشق و راهێنانی بۆ پێشمەرگە كردۆتەوە".
بەڵام كورد بۆ خۆی بۆچوونی وا بووە، كە توركیا لەو شەڕەدا پاڵپشتی و هاوكاری زیاتری بكات و چاوەڕوانی زیاتری هەبووە".
بەهرۆز گەڵاڵی ئاماژە بۆ ئەوەکرد کە تا ئێستا حزبەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دوو نوسینگەیان لە توركیا هەیە و کەچی حكوومەتی هەرێم نووسینگەی فەڕمی خۆی نەكردۆتەوە.
گەڵاڵی لەمباریەوە گوتی:" لە ڕێگەی نووسینگەكانی خۆمانەوە كار دەكەین بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكاندا ، بەڵام تا ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسینگەی لەو وڵاتە نییە، لەكاتێكدا چەندین پەیوەندی و ڕێكکەوتنامەیان هەیە".
نوێنەرەكەی یەكێتی بێئاگایی خۆی ڕاگەیاند لە هۆكاری دواكەوتنی كردنەوەی نووسینگەی حكوومەت لە توركیا، لەهەمانكاتدا داوای لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی كرد هەنگاوی خێرا بنێن بۆ كردنەوەی نووسینگەیەكی ڕەسمی یان پاشكۆیەكی بازرگانی لە ئەنقەرە یان ئەستەنبوڵدا.
لە بارەی عێراق و رۆڵی وڵاتانی دراوسێ لەو وڵاتەدا گەڵاڵی قسەی كرد و گوتی: "عێراق وڵاتێكی سەربەخۆیەو سیادەی خۆی هەیە و پەیوەندی دوور و نزیكی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان هەیە ئەوەش بابەتێكە پەیوەندی بە عێراقییەكان خۆیانەوە هەیە. ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە پێی بەرژەوەندییەكانی هەرێم هەنگاو دەنێین، ئەو لێكدانانەوەشی دەكرێن و باس لە پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ ئێران و پارتی لەگەڵ توركیا دەكەن ڕاست نییە ، پەیوەندییەكانمان لەسەر بنەمای هاوبەشە لەگەڵ ئەو وڵاتانەو بەپێی بەرژەوەندییەكانی میللەتەكەمانە".
هەروەها هیوای خواست جیاواز لە سیاسەتی حكوومەتی پێشووی عێراق، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق حەیدەر عەبادی سیاسەتێكی نوێ بگرێتە بەر بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانەی پێشتر كەوتووەتەوە .
بەهرۆز گەڵاڵی لە بەشێكی تری دیمانەكەدا و لە بارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا و بەشداری كوردەوە دواو ئاماژە بۆ ئەوە کرد کە ئەنجامەكانی ئەو پڕۆسەیە چارەنووس ساز دەبێت.
لەو بارەیەوە گوتی: "هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا زۆر چارەنووس سازە ، بە تایبەت پاش ئەوەی پارتی دیموكراتی گەلان وەك حزب خۆی كاندید كردووە. وەك خۆم خوازیاری ئەوەم كە 10 لەسەدی دەنگەكان تێپەڕ بكات ئەوەش پشتیوانی و بەرەو پێشبردنی پرۆسەی ئاشتییە و گواستنەوەی ئەوانە زیاتر بەرەو خەباتی دیبلۆماسی و پەرلەمانی ، هەروەها دەبێتە مایەی خۆشحاڵی زیاتر و ناساندنی زیاتری پرسی كورد".
گەڵاڵی لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەگەر 10 لەسەدی دەنگەكان بەدەست نەهێنن و نەگەنە ئەو رێژەیە ئەوكات دەنگەكانیان بۆ براوەی یەكەم دەڕوات، بەوەش بە پێی دەرەنجامەكان كاریگەری بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی دەبێ".
ئاماژەی بەوەش كرد" گرنگترین شت لەم قۆناغی پێش هەڵبژاردنەدا دوركەوتنەوەیە لە هەر شەڕو گرژی و ئاڵۆزییەك لە نێوان دەوڵەت و پەكەكەدا، چونكە سەرهەڵدانەوەی ناكۆكی و ئاڵۆزی دەبێتە هۆی نیگەرانی و دوودڵی خەڵك و بەشداری نەكردن لە پرۆسەكەدا".
پێش دوو ڕۆژ پەرلەمانتارانی كوردی پەرلەمانی توركیا (لەیلا زاناو سری سورەیا ئۆندەر) نامەیەكی عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری زیندانی كراوی پەكەكەیان گەیاندە سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان جەلال تاڵەبانی .
گەڵاڵی لە بارەی ناوەڕۆكی ئەو نامەیەوە گوتی: "ناوەڕۆكی نامەكەی ئۆجەلان باس لە پرۆسەی ئاشتی و هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان و كۆنگرەی نەتەوەیی و رۆڵی مام جەلال لە پرۆسەی ئاشتی و هاندانی زیاتری بەرەو پێشبردنی پرۆسەكە و دیموكراسی لە توركیا و بەرەو پێشبردنی، هەروەها بەهێزكردنی برایەتی كورد و تورك دەكات ".
لە كۆتایی دیمانەكەدا بەهرۆز گەڵاڵی كە كادیرێكی پێشكەوتوی یەكێتی و دۆستی نزیكی تاڵەبانییە باسی لە كێشەكانی ناوخۆی حزبەكەی كرد و گوتی: "كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی كێشەی ناوخۆی خۆمانە و متمانەمان بە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی خۆمان هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پێم وایە لە زوترین كاتدا كۆتاییان دێت".
سەبارەت بەو پڕۆژەیەی كە پێش ماوەیەك بۆ یەكگرتنەوەی حزبەكەی و بزووتنەوەی گۆڕان و ئاشتكردنەوەی گشت یەكێتییەكان پێشكەشی كردبو گوتی: "ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەوەیە هەوڵ بدرێت ئەو لایەنانەی لە یەكتر نزیكن بە تایبەت ئێمەو گۆڕان كە چەندین ساڵ پێكەوە بووین لە داهاتوودا وردە وردە هەنگاو بنێن بۆ كاری هاوبەش و یەكخستنەوە".
ئاماژەی بەوەش كرد، بەشێوەیەكی ڕەسمی وەڵامی پرۆژەكەی نەدراوەتەوە، بەڵام گەشبینە بەوەی لە داهاتوودا ئەنجامێكی هەبێ.