Haydar Hadi,Rewa Mahmut Hasan
30 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2017
بەغدا - AA
حکوومەتی عێراق ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستەوە کە باس لە جێگرکردنی هێزی سەربازی ئەمریکا دەکەن لە کەرکووک.
لە راگەیەنراوێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقدا هاتووە "هەندێک ئۆرگانی میدیایی لە زاری سەرچاوی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژە بە جووڵەکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ کەرکووک، ئەو هەواڵانە سەر لەبەریان بێ بنەمان".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە کەرکووک و لە هیچ شوێنێکی تری عێراق زیادکردنی هێز رووینەداوە و کۆنترۆڵکردنی زەمینی لە دەسەڵاتی هێزە بیانیەکاندا نییە، بۆ ئەمە ژمارە و هێزی پێویستیشیان نییە. ئاسایشی کەرکووک پرسێکی میلـلی عێراقە و لە کۆنتڕۆڵی پۆلیسی کەرکووک و هێزەکانی فیدراڵدایە. ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی مەشق پێکردن و پاڵپشتی و پشتگیری لۆجیستیە".
پێشتر پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، محەمەد عوسمان رایگەیاندبوو فەرماندەییەکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان بەڕابەرایتی ئەمریکا لە کەرکووک دادەمەزرێت کە کوردیش تیایدا بەشدارە.
محەمەد عوسمان ئاماژەی بەوەدابوو کە یەکەم هەنگاو بە ئاراستەی دروستکردنی فەرماندەیی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەکان نراوە و هێزەکانی ئەمریکا لە باشووری کەرکووک لە سەربازگەی کەی وەن، جێگیر کراون.