Sarmand Hameed
02 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2022
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح ئاشکرای کرد تا ئێستا چارەنووسی دوو هەزار و ٧٠٠ کوڕ و کچی ئێزدی نادیارە و جەختی لە گرنگی قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و راپێچکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا و بە سزاگەیاندنیان کردەوە.
بەرهەم ساڵح لە ھەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرکۆماری عێراق هاتووە "بە ئازارێکی زۆرەوە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان دەکەینەوە کە چەتەکانی داعش دژبە رۆڵەکانمان ئەنجامی دا و مەرامیان بوو ناسنامەی ئێزدییەکان بە یەکجاری بسڕنەوە، ئەو تاوانە لاپەڕەیەکی خەمبار و ویژدانی مرۆڤایەتی ھەژاند، چونکە تیرۆریستان جیاوازییان نەکرد لە نێوان پیاو و ژن و منداڵ و بەساڵاچووان، بۆیە بە یەکێک لە ترسناکترین تاوانەکانی مێژووی ھاوچەرخ پێناسە دەکرێت".
بەرهەم ساڵح راشیگەیاندووە "بەسزا گەیاندنی تاوانبارانی ئەو تاوانە قێزەونە ئەرک و مافە، بۆیە دووپاتدەکەینەوە لە گرنگی بەردەوامبوونی ھەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ ئەوەی ھەموو ئەو کەسانەی تێوەگلاون لەو تاوانەدا دژبە مرۆڤایەتی راپێچی بەردەم دادگا بکرێن و بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لە ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان و بە دۆکیومێنتکردنی، تاوەکو وەک بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگر بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داھاتوو".
لە بەشێکی دیکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە "پەسەندکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدییەکان ئەرکێکی بچووک بوو ئەنجاممان دا، بۆیە پێویستە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، ھەروەھا چڕکردنەوەی ھەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال، ھاوکات دووپاتدەکەینەوە لە پتەوکردنی ھەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی دوو هەزار و ٧٠٠ کوڕ و کچ کە تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و شادکردنەوەیان بە کەسوکاریان".