Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2017
سلێمانی - AA
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشیار عەبدوڵڵا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە جەنگی مووسڵ و لاوازبوون و نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی داعش لە شارەكانی مووسڵ و حەویجە، ئەجێندای ئەمریكا بۆ دوای داعش، هەروەها ململانێیەكانی نێوان حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی و بۆچوونی لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە دەكات.
هۆشیار عەبدوڵڵا لەبارەی جەنگی مووسڵ دوا و گوتی: "لە جەنگی مووسڵدا لە رووی ستراتیژی سەربازییەوە داعش بەرەو كۆتایی دەڕوات، ئەوەی ماوە دوو ئەڵقەی سادەیە كە یەكیان برتییە لە دوا دوایی مانەوەیان لە مووسڵ و حەویجە، مانەوەی داعش لە بەشێكی كەمی مووسڵ و حەویجەش هێندەی ئەوەی پرسێكی سیاسییە هێندە پرسێكی سەربازی نییە، ئەمریكا كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەكات جۆرێك لە كاری سیاسییان بە مانەوەی ئەو تۆزەی داعش هەیە لەو دوو شارە بۆ هێشتنەوەی گفتوگۆكانی قۆناغی دوای داعش".
هۆشیار عەبدوڵڵا گوتیشی: "قۆناغی دوای داعش لە ئێستادا جیاوازی بیروبۆچونی زۆر لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی عێراقدا هەیە، سوننە یەكێك لە بۆچوونە ئاشكراكانیان ئەوەیە كە نایانەوێت جارێكی تر ئەم پارێزگا سوننییانەی كە كەوتوونەتە بەر داگیركاری داعش یان پێشتر راپەڕینییان تێدا بووە بە گوزارشتی خۆیان، نایانەوێت جارێكی تر حكوومەتی ئیتیحادی یان هێزی عێراقی كە پێكهاتەكەی زیاتر شیعە بێت پارێزگاریان لێبكات و پێیان وایە دەبێت خۆیان خۆیان بپارێزن. لەلای خۆیانەوە شیعەكان تائێستا كار بۆ دروستكردنەوەی دەوڵەتێكی مەركەزی ئەوتۆ دەكەن كە عێراق بە سیستەمێكی مەركەزی بڕوات بەڕێوە، ئەوەش هەم شكست دەهێنێت و سەركەوتوو نابێت. ئەوەشی پەیوەستە بە كوردەوە لە ئێستادا ستراتیژی روون و ئاشكرا نییە بۆ قۆناغی دوای داعش كە چۆن رووبەڕووی ئەم قۆناغە دەبێتەوە و لەناوخۆی ماڵی كوردی جۆرێك لە پەرتبوونی گەورە هەیە".
ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی گوت: "جەنگی مووسڵ لە ئێستادا هێندەی ئەوەی لە دوا ساتەكانیدا هێڵدراوەتەوە بۆ جۆرێك لە تێگەیشتنی سیاسی لە نێوان هێزە دەرەكییەكان لەسەرووی هەمویانەوە ئەمریكا لەگەڵ پێكهاتە ناوخۆییەكانی عێراق، هێندەی ئەوە لەسەر ئاستی جەبهەوی شتێك نەماوەتەوە بۆ ئەوەی داعش توانای ئەوەی هەبێت كە بتوانێت پەلامار بدات یان لە بەرەكاندا بێتەوە پێشەوە، مەگەر بەكارنەهێنرێتەوە لەلایەن هێزی تری نێودەوڵەتییەوە".
هۆشیار عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئاستە سیاسییەكەی قۆناغی دوای داعش لەوە زاڵترە لەوەی قسە لەسەر ئەوە بكرێت داعش لەسەر ئەرزدا چەندی ماوە، بەهۆی ئەوەی زۆر لاواز بوون و ئێستا پەنایان بۆ كۆمەڵێك تاوان بردووە بەرامبەر دانیشتووانی مەدەنی شارەكە".
پەرلەمانتارە كوردەكەی عێراق لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ قۆناغی دوای داعش لە عێراق دوا و گوتی: "هەموو خوێندنەوەكان ئەوەیە كە ئەمریكا ئاراستەی بەو شێوەیەیە كە قۆناغی دوای داعش ببێتە قۆناغی بەڕێوەبردنێكی لامەركەزی، بەوەی ناوچە سوننە نشینەكان هاوشێوەی ناوچە كورد نشینەكان لەگەڵ ناوچە شیعە نشینەكان بەجۆرێك بە سیستەمی فیدراڵی بڕوات بەڕێوە و جۆرێك لە دەسەڵاتی خۆجێی هەبێت بۆ ئیدارەدانی خۆیان لە رووی ئیداری و سیاسی و دارایی و سەربازی و ئەمنیشەوە. بەڵام دۆخی عێراق لە ئێستادا دۆخێكی ئاڵۆزە و هاوكێشەیەكە راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سووریاوە كە پرسی سووریا یەكێكە لە ئاڵۆزترین هاوكێشەكانی ئێستای نێوان ئەمریكا و رووسیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەكەش، هاوكێشەی عێراق لە ئێستادا لەدەرەوەی هاوكێشەی سووریا و لە دەرەوەی ئەو هاوكێشە نێودەوڵەتییە فراوانەدا سەیر ناكرێت كە ئێستا بۆ ناوچەكە هەیە و ئەو ئەجێندایانەی لەسەر ئاستی وڵاتانی زلهێز دەخوێندرێتەوە. عێراق و گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەتەنها بەشێك نییە لە كێشەیەكی عێراق یان عێراقییەكان، بەڵكو بووەتە كێشەیەكی نێودەوڵەتی كە بەبێ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی كێشەی عێراق بۆ قۆناغی دوای داعشیش چارەسەر ناكرێت".
هۆشیار عەبدوڵڵا پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بووە لە ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق و ئێستاش وەك پەرلەمانتاری عێراق لەسەر هەمان فراكسیۆن درێژە بەكارەكەی دەدات، ئەو لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق و ناكۆكی و ململانێی نێوان سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالکی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئێستا، حەیدەر عەبادی و هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵ كردنی دەسەڵات لەلایەن هەردوولایانەوە دوا و گوتی: "ململانێیەكی قورس لەنێوان سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیكی هەیە ئەو ناكۆكییەش تازە نییە و هەموو ئەو كەسانەی لە حزبی دەعوە هاتبێتنە دەرەوە و بوونەتە سەرۆكوەزیران، دواتر یان لە حزبەكە دەرچوون یان بەجۆرێك جیابوونەتەوە، لە ئێستادا هەوڵ هەیە بۆ یەكخستنەوەی هەردوولا بەڵام هەموو هەوڵەكان شكستیان خواردووە" .
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆشیار عەبدوڵڵا گوتیشی: "ململانێكان هێندەی ئەوەی ململانێیەكی شەخسی حزبیە لەناوخۆی حزبی دەعوەدا هێندەی ئەوەش ململانێییە لەسەر ئەوەی ئایا جارێكی تر مالكی دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر كورسی دەسەڵات یان نا، یان رەنگە ململانێیەكە تۆڵەكردنەوەیەكە لە عەبادی بۆ ئەوەی جارێكی تر نەتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە. بیروبۆچونی ئێمە (فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان) ئەوەیە كە كاتی ئەوە هاتووە سەرۆكایەتی حكوومەت لە حزبی دەعوە وەربگیرێتەوە، لە دوای ساڵی 2005 ەوە دەسەڵات بەدەست حزبی دەعوە بووە و كاتی ئەوە هاتووە كەسایەتییەكی تری نیشتمانی لەنێو هێزە سیاسییەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی ئەمجارە راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت و وەرگرتنی دەسەڵات كە دەبێت ئەوەش رێگا چارەیەكی چارەسەركردنی كێشەكان بێت".