Nazlı Yüzbaşıoğlu,Ayşe Aktaş,Rewa Mahmut Hasan,Ramal Abdullah Mahmood
12 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە میانی بەشداری کردنی لە پرۆگرامێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسەکەی دایەوە.
لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لەمەڕ ئێران، یڵدرم ئاماژەی بەوەدا کە بە درێژای ٥٠٠ ساڵی رابردوو هیچ جەنگێک لە نێوان تورکیا و ئێراندا رووینەداوە و هەڵوێستی تورکیا لەسەر پرسەکانی ناوچەکە روون و ئاشکرا بووە و گوتی: "ئێمە دەڵێین هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی هەر جۆرێکی مەزهەبی زۆر باش نابێت بۆ ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە، بڵاوبوونەوەی مەزهەبی شیعە لە ناوچەکە هەڕەشەیەکی گەورەیە. کاتێک جەنگێکی ئایینی دەستپێدەکات، کەس نازانێت کەی تەواو دەبێت یان دەگاتە چی ئاستێک. هەر بۆیە ناو بەناو ئێرانی دراوسێمان لە رووی ئەنجام نەدانی ئەم چالاکیانە ئاگادار دەکەینەوە و وەک دۆستێک زانیاری و هۆشداری دەدەینێ.
لەهەمبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا دەربارەی ئێران، یڵدرم گوتی: "لەدوای یەکەم و دووەم داگیرکاری عێڕاقەوە، پەیوەندی ئەمریکا و ئێران باش نییە. لە کاتی ئیدارەی ئۆبامادا، ئەندامانی هەمیشەیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران بەرامبەر سزاکان گەیشتنە رێککەوتنێک. ئێستا ئیدارەی ترەمپ زیاتر دەیەوێت لە بەرامبەر ئێران بوەستێتەوە. دەیەوێت رێککەوتنەکە هەڵوەشێنێتەوە. پێموایە ئەوە لە رووی یاساییەوە نابێت چونکە رێککەوتنێکی دوو لایەنە نییە بەڵکو فرە لایەنەیە. لەبارەی رێککەوتنەکە لایەنە ئەورووپییەکان وەک ئەمریکا بیرناکەنەوە. وەک دەزانین ئەمریکا دەیەوێت هاوپەیمانیەتی نوێ پێک بهێنێت لە ناوچەکە. شتێکی نهێنی نییە کە لە مێژە پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران بە باشی ناڕۆن بەڕێوە. ئەوە فاکتەری یەکەمە. فاکتەرەکەی دیکەش ئەوەیە وڵاتە بچووکەکان دەبنە یەک و لە بەرامبەر قەتەر دەبنە هاوپەیمان. ئەم جۆرە هەڵوێستانە زیانیان زۆرە. وەک دەزانین لە ناوچەکە کێشەی زۆرمان هەیە. لە سووریا و عێراق جەنگی ناوخۆ هەیە. داعشی لێیە و هەمووی دەیەوێت بەرەنگاری داعش ببێتەوە. پەکەکە، یەپەگە و پەیەدەی لێیە کە گرووپی مارکسی لینینی کوردین. ئەمانە کێشە بۆ تورکیا دروست دەکەن. هەروەها ئەمریکا بۆ شکستهێنان بە داعش لەگەڵ ئەو رێکخراوانە کار دەکات. پێموانییە ئەو جۆرە هەماهەنگیەی ئەمریکا خزمەت بە بنیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری بکات لە ناوچەکە".
بینالی یڵدرم تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ملیۆنەها هاووڵاتی سووری لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون و زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی سووری بێگوناحیش کوژراون و گوتی: "سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار ئاوارەی سووری بۆ رزگارکردنی گیانیان پەنایان بۆ تورکیا هێناوە و ماوەی شەش ساڵە میواندارییان دەکەین و دەرفەتی خوێندمان بۆ رەخساندوون و شوێنی مانەوەمان بۆ دابین کردوون. ئەوە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە. ئێمە بە لێقەوماوان و ئەوانەی هەڕەشەیان لەسەرە ناڵێین قبووڵتان ناکەین. هەمیشە دەرگا و باوەشمان بۆیان کراوەیە. نیگەرانی ئێمە لەوەیە ئەگەر هەڕەشەیەکی نوێ و جەنگێکی نوێ لە ناوچەکە بەرپابوو کێ باجی ئەوە دەدات؟ بە پێچەوانەوە تورکیا وڵاتێکی بەهێز و سەقامگیری ناوچەکەیە. شارستانییەتی نێوان ئاسیا و ئەورووپایە و وڵاتێکە ئەرکی پرد دەبینێت لە نێوان کۆمەڵی موسڵمان و کریستیان. تورکیا رۆڵێکی بەرچاو دەبینێت لە تەشەنە نەسەندی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی تیرۆر بۆ ئەورووپا و وڵاتانی دیکە. دەبێت ستایشی ئەمە بکرێت".