سلێمانی ـ AA
ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشیار عومەر عەلی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پرسی ریفراندۆم و بەردەوامی داواكاری حزبەكەی بۆ دواخستنی ریفراندۆم دەكات و مەترسییەكانی و گوشاری ولاتانی زلهێز و ناوچەكە، هەروەها دوایین كۆبوونەوەكانی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ لایەنە كوردییەكان و ناوەڕۆكی بەدیلەكانی ئەوانەوە بۆ ریفراندۆم ئاشکرا دەکات.
"ریفراندۆمی 25 ی ئەیلوول لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی شەرعیەتی نییە"
هۆشیار عومەر كە وەك ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی گۆڕان بەشداری لە كۆبوونەوەكانی حزبەكەی لەگەڵ نوێنەری وڵاتانی جیهان دەکات كە رۆژانە سەردانی بارەگای ئەو حزبە دەكەن لە شاری سلێمانی و پرسی گەرمی كۆبوونەوەكانیش ریفراندۆمە، باس لە ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوانە و هەڵوێستی گۆڕان لەسەر پڕۆسەی ریفراندۆم دەكات و دەڵێت: "سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین ئامانجێكی باڵا و ستراتیجی بزووتنەوەی گۆڕان و خەڵكە و شتێكە هەمومان دەمانەوێت و هەرگیز بەشێك نەبووین لە عێراق، بەڵكو بە زۆر لكێنراوین بەم وڵاتەوە. ئەوەی ئێستا لەسەر ریفراندۆم كراوە، بە بڕوای ئێمە بڕیارێكی تاكە كەسییە و رێكکەوتنی سیاسی و تەوافوقی لەسەر نییە و شەرعیەتی پەرلەمانی و دیموكراتی نییە.
پەیوەست بەو مەترسیانەی هەیە، ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا هاوپەیمانی ئێمە بوون لە شەڕی داعش و لە ساڵی 1991یش لە رێگەی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە هەرێمی كوردستانیان پاراست و ناوچەی دژە فڕینیان دروست كرد و كۆتاییان بەشەڕی ناوخۆ هێنا لە ساڵی 1998، ئێستا ئەوان پێیان وایە ئەم هەنگاوە شەرعیەتی نییە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش، بەغداش ئامادە نییە دان بە ئەنجامەكەیدا بنێت و ئەوانیش ئامادە نین دانی پێدا بنێن، چونكە پڕۆسەكە لە رووی نێودەوڵەتییەوە كەس بەشدار نییە تێیدا و هیچ چاودێرێك نییە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش بەشێك نییە لە پڕۆسەكە و چەندین جاریش رایان گەیاندووە كە دژی پڕۆسەكەن".
"مەترسی كەوتنەوەی توندوتیژی و جەنگ دەكەین"
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەكات، مەترسی گەورەیان هەیە لە كەوتنەوەی پێكدادانی شەڕ بەتایبەت لەگەڵ چەكدارانی حەشدی شەعبی و لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەوەی ئێمە دەیبینین وەك مەترسی، بە پلەی یەكەم مەترسی توندوتیژی و پێكدادانی شەڕە، بەتایبەت لەو ناوچانەی جێناكۆكن كە كۆمەڵێك میلیشیا و چەكدار لەو ناوچانە هەن بەتایبەت حەشدی شەعبی".
" پرسیاركردن بۆ سەربەخۆیی لەخەڵك بێرێزییە"
بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە ریفراندۆم و پرسیاركردن بۆ سەربەخۆیی لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بێڕێزیكردنە بە دەنگدەران، ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: "ریفراندۆم ئامرازێكی سیاسی ئێجگار بەهێزە، بەڵام هێزەكەی لەوەدایە یان بەكاری نەهێنی یان ژیرانە بەكاری بهێنی، لە هەرێمی كوردستان لە روانگەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پرسیاركردن لە خەڵك بەوەی دەیەوێت هەرێمی كوردستان سەربەخۆ بێت یان نا، ئەوە بە بڕوای ئێمە بێڕێزییە، چونكە بەدرێژایی سەدەی رابردوو تێكۆشانمان كردووە بۆ وڵاتێكی دیموكراتی ئازاد و بە دەوڵەت بوون، لە بنەمادا رای هاووڵاتیان دیارە بەوەی دەنگیان بەڵێ دەبێت. هەروەها پەرلەمانی كوردستانمان هەیە كە دووساڵە بە شێوەیەكی نادیموكراسی پەك خراوە كە نوێنەری هەموو خەڵكی كوردستانی تێدایە و دەتوانێت هەندێك بڕیار بدات لەو رووەوە، كەواتە ئەگەر بتەوێت دەوڵەت دروست بكەیت لە بنەمادا ریفرادۆم بۆ هەرێمی كوردستان پێویست نییە لەو روانگەی خەڵك باوەڕیان بەسەربەخۆیی هەیە. دووەم، ریفراندۆم لە وڵاتێكی دیموكراتی دەكرێت، لە نموونەی ئەوەی لە بەریتانیا ئەنجام درا بۆ جیابوونەوەی سكۆتلەندا یان نا، چونكە بەڕیتانیا رازی بوو، هەروەها لە ئیسپانیا پەرلەمان بڕیاری داوە ئەم ئیجرائاتە بكات، بەڵام لە عێراقدا پارسەنگی هێز رۆڵ دەبینێت، چ رێكکەوتن بێت یان ریفراندۆم بێت ئەنجامەكەی کاریگەری نییە، چونكە قسەیەك هەیە بۆ رۆژهەلاتی ناوەڕاست و عێراق كە دەڵێت "لاوازەكان رێكکەوتنامە ئیمزا دەكەن و بەهێزەكان دەیدڕێنن. ئەوەی لە عێراق رۆڵی هەیە هێزە، ئەوەی بۆ ئێمە مەترسییەكی ئێجگار گەورەیە ، ئەوەیە بەڕێز مەسعود بارزانی دەڵێت، هیوادارین كە شەڕ نەبێت و ئاشتیانە بێت، ئەمە نە سیاسەتە و نە ستراتیجە، بەبڕوای ئێمە ئەمە یارییەكی ئێجگار مەترسیدارە".
" بەدیلەكەی ئەمریكا خۆی لە سێ بژاردەدا دەبینێتەوە"
هەفتەی رابردوو نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا، برێت مەكگۆرك سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی كرد و هەڵوێستی ولاتەكەی لەسەر پرسی ریفراندۆم روونكردەوە، هۆشیار عومەر كە ئامادەی كۆبوونەوەکە بووە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و قسەكانی مەكگۆرك و بەدیلەكەی ئاشكرا دەكات.
لەو بارەیەوە هۆشیار عومەر گوتی: "سیاسەتی ئەمریكا لەم قۆناغەودا ئەوەیە كە لە عێراقدا شەڕی داعش تەواو نەبووە ، داعش لە سووریا هەیە و جێگای مەترسییە لەسەر حكوومەتی عێراق، هەروەها داعش كە هات و ئەو شەڕە دروستبوو، وێرانكارییەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئەوان دەیانەوێت ئەو دەستكەوتە سەربازییەی هەبووە تەفسیری بكەن بۆ گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و پەرەپێدان لە عێراقدا و ئەو هەڵانەی لە دوای 2003 كران دووبارە نەبنەوە، سیاسەتی ئەوان سیاسەتێكە عێراق ببێتەوە بە بەشێك لە كایەی سیاسی لە ناوچەكەدا، بۆ ئەو مەبەستەش جموجوڵ هەیە لەگەڵ سعوودیە و ئوردن و لەگەڵ توركیاش هەوڵ هەیە.
ئەمریكا هاتوون سێ بژاردەیان خستووەتە بەردەم خەڵكی هەرێمی كوردستان، یەكەم، ئەوەیە کە ریفراندۆم دوابخرێت، گفتوگۆیەكی ورد لەگەڵ بەغدا بكرێت لەسەر پرسی خودی سەربەخۆیی و كۆنفیدراڵی و سنوور و نەوت و ئەو كێشانە یەكلایی بكرێنەوە، حكوومەتی عێراق ئامادەیە و هاوپەیمانی شیعەكان هەموو پشتیوانی ئەم پڕۆسەیەن، وڵاتانی هاوپەیمان ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و نەتەوە یەكگرتووەكان تیمێك دروست دەكەن و بەشێك دەبن لە دانوستانەكان و وادەیەكیشی بۆ دیاری دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی، هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەندی ئەم بڕیارە دەكات و پشتیوانی دەبێت.
بژاردەی دووەم، ئەوەیە ریفراندۆم بەبێ كەركووك ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە بچێت، ئەوان دەڵێن لەم حاڵەتەدا ئێمە بێدەنگ دەبین، بەڵام ئەنجامەكەی قبوڵ ناكەین و مامەڵەی لەگەڵ ناكەین، بەغداش بەهەمان شێوە.
بژاردەی سێهەم، ئەم بژاردەی ئێستایە و ئەوان پێیان وایە رێگایەكی مەترسیدارە و ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك پشتیوانی ناكات، قسەی مەكگۆرك ئەوەبوو كە ئەو لە واشنتۆنەوە هاتووە و ئەمریكا سەد لەسەد دژی ریفراندۆمە و پێیان وایە مەترسیدارە و ئەو دەستكەوتانەی هەرێم كە هەبووە دەكەوێتە مەترسییەوە.
هەروەها مەكگۆرك ئەو قسەیەشی كرد كە ئەگەر حەشدی شەعبی و ئێران، تەنانەت توركیاش ئەگەر هاتن و شەڕ دروست بوو ئەم وڵات و ئەكتەرانە بێنە ناوەوە، ئەوكات ئەمریكا ناتوانێت بێتە ناو پڕۆسەكە و نابێت كورد چاوەڕوانی ئەوە بێت ئەمریكا جارێكی دیکە رزگاری بكاتەوە.
مەكگۆرك لە كۆبونەوەكەدا پرسیاری ئەوەی كرد ئەگەر ریفراندۆم لە پەرلەمانەوە دوابخرێت تاچەند گۆران بەشداری ئەو دانیشتنە دەكات، ئێمە ئەوكات گوتمان كە دەبێت دانیشتنەكانی پەرلەمان دوابخرێت بۆ چەند رۆژێك و گفتوگۆ بكەین لەنێوان پارتە سیاسییەكان، چونكە ئێمە مەترسییەكە لەسەر هەرێمی كوردستان دەبینین و بەوەش ئامادەییمان تێدایە لەو حاڵەتەدا رێگە لەو مەترسییانە بگرین، چونكە ئەگەر بێتو ئەم پڕۆسەیە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و بارزانی سوور بێت لەسەر بۆچوونەكانی خۆی بەبێ هیچ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتانی هاوپەیمان، ئەوكات گۆڕان بەشێك دەبێت لە چارەسەر".
" بڕیاری كۆتایی لەسەر دەنگی گۆڕان بۆ ریفراندۆم، لای جڤاتی نیشتمانی دەبێت"
تائێستا وەك ئەندامەكەی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی دەكات، گۆڕان لەگەڵ دواخستنی ریفراندۆمە، لە حاڵەتی مكوڕبوونی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیش بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە، ئەوكات بڕیار لای جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەبێت.
هۆشیار عومەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "پەرلەمانی كوردستان تاكە دەسەڵاتی شەرعی هەڵبژێردراوە و ئەو دەتوانێت بڕیار لەسەر ریفراندۆم بدات و كات و رێوشوێنەكانی دیاری بكات، هەروەها پێمان وابووە لەگەڵ دراوسێكانمان و بەغدا و هاوپەیمانەكانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گفتوگۆی جدی بكەین و ئەو رێگایانەی هەیە تاقی بكەینەوە پێش ئەوەی ریفراندۆم بەكار بهێنین چونكە تەنها یەكجارە و ناتوانیت هەموو رۆژ ریفراندۆم بكەیت، ئەم ریفراندۆمە بیر لە ئەنجامەكەی نەكراوەتەوە و 26ی مانگ چی دەكەیت، بەغدا ئامادە نییە گفتوگۆ بكات كە ریفراندۆم ئەنجامدرا.
بارزانی لە گفتوگۆیەكی تەلەڤیزیۆنی باسی لەوە كرد دەنگدەری گۆڕان دەنگی 'بەڵێ"یە بۆ ریفراندۆم، ئەوە شتێكی نابەرپرسیارانەیە و مافی ئەوەیان نییە لە بری گۆڕان ئەو قسەیە بكەن، گۆڕان هێزێكی سیاسی گەورەیە و خاوەن بڕیار و سیادەی خۆیەتی، ئێمە روانینمان وایە لە ئێستادا ریفراندۆم دوا دەكەوێت لەبەر ئەوەی ئەو بەدیلەی پێشكەش كراوە بە نووسین و بەغداش كۆمەڵێك دەستپێشخەری تری هەیە، ئەگەر هاتوو ریفراندۆم هەر كرا و دوا نەكەوت كە ئێمە پێمان وایە ئەوە كارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەو ئامانجە ناپێكێت كە بانگەشەی بۆ دەكرێت و لە دەوڵەت بوون و سەربەخۆیی دورمان دەخاتەوە".
لەبارەی هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر هاتوو ریفراندۆم ئەنجامدرا بۆ لایەنگرانی چی دەبێت؟ ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشیار عومەر عەلی گوتی: "بۆ زانینی دەنگی گۆڕان لە رۆژی ریفراندۆم ئەگەر هاتوو پڕۆسەكە ئەنجامدرا، ئەوكات جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیار بدات كە بڕیار و بۆچوونی گۆڕان چی دەبێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

