Hemn Osman
05 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2015
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "ئێمە بووین دەرگامان بەڕووی 220 هەزار ئاوارەدا كردەوە كە لە كۆبانێەوە هاتبوون، هەر ئێمە بووین لە كەمپەكاندا خواردن و خواردنەوەمان بۆ دابین كردن و چاودێری تەندروستیمان كردن، بەڵام لەسەر ئەوە زۆر بوختانی درۆینەیان بۆ من و وڵاتەكەم هەڵبەست".
لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا كە لە مەیدانی ستیفانی لەلایەن یەكێتی دیموكراتەكانی توركە ئەوروپیەكانەوە رێكخرابوو، ئەردۆغان وتارێكی پێشكەش كرد.
ئەردۆغان، ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە لە توركیادا دوو ملیۆن پەنابەری سووری و عێراقی هەیە و گوتی: " بڕی ئەو پارەیەی بۆ ئاوارەكانمان خەرج كردووە حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، ئەو هاوكاریەشی لە جیهانەوە پێمان گەیشتووە تەنها 419 ملیۆن دۆلار بووە".
سەركۆماری توركیا، ئاماژەی بەوە كرد كە لە تەواوی ئەورووپادا دەورووبەری 250 هەزار پەنابەر هەیە و گوتی: "دەمەوێت شتێك لەو بارەیەوە باس بكەم. جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ لە كوێیە. لە ئێستادا دەریای ناوەڕاست بۆتە گۆمی خوێن. ئێمەش لەسەرەتای ساڵەوە تا ئێستا لەرێگەی تیمەكانی ئاسایشی كەنار دەریاوە 60 هەزار كەسمان لە دەریای ناوەڕاست لە مردن رزگار كردووە".
گوتیشی: "ئەوانەی پەنایان بۆ توركیا هێناوە، وەك ئەنسار مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین. ئێمە جیاوازیمان نەكرد لەنێوان ئێزیدی، مەسیحی و موسوڵمان. تەنیا گوتمان ئەوانە مرۆڤن و وەرمان گرتن. چونكە لەنێو ئێمەدا جیاكاری و بەش بەش كردن نییە و سووریش بووین لەسەر ئەو كارە. ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامین. سیاسەتی كردنەوەی دەرگاكانمان بەردەوام دەبێت. لەمەودواش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبین. بەداخەوە هەندی لە سیاسیەكانی توركیا بەڵێنی گەڕانەوەی پەنابەران دەدەن بۆ عێراق و سووریا. ئێمە، هەرگیز ئەو بێ تاوانانەی پەنایان بۆ هێناوین رادەستی ئەو كەسانە ناكەینەوە كە لە ئاسمانەوە بۆمبی بەرمیلیان بەسەردا دەبارێنن. لەبەرئەوە دەرگاكانمان واڵا كرد".
سەركۆماری توركیا، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە توركیا دەرگای بەڕووی ئاوارەكانی كۆبانێدا كردۆتەوە و گوتی: "وەك كەسانێك نا كە قسەیان دەكرد. ئێمە دەرگاكانمان كردەوە. ئێمە بووین دەرگامان بەڕووی 220 هەزار ئاوارەدا كردەوە كە لە كۆبانێەوە هاتبوون، هەر ئێمە بووین لە كەمپەكاندا خواردن و خواردنەوەمان بۆ دابین كردن و چاودێری تەندروستیمان كردن، بەڵام لەسەر ئەوە زۆر بوختانی درۆینەیان بۆ من و وڵاتەكەم هەڵبەست. لە ئیستادا 80-90 هەزار لەو ئاوارانە دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ كۆبانێ. ئەوانی دیكەش هێشتا لە توركیان".