Ekip
22 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2017
ھەولێر-AA
ئەمڕۆ لە ھۆتێل خانزاد لە شاری ھەولێر، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ، بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە، میوانداریی ژمارەیەک باڵیۆز و کۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتییەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد.
بە پێی ھەوالێکی ماڵپەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، سەرەتا فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وتاری حکوومەتی ھەرێمی پێشکەش کرد، لە وتارەکەدا سوپاس و بەخێرھاتنی میوانانی کرد و، باسی بایەخی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزی لە ژیان و مێژووی گەلی کوردستاندا کرد، ھەروەھا تیشکی خستە سەر مافی گەلی کوردستان بۆ دیارکردنی چارەنووسی خۆی.
ھەر لەوتارەکەدا، سوپاسی وڵاتانی دۆست و ھاوپەیمانانی ھەرێمی کوردستانی کرد، کە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا یارمەتیی ھەرێمی کوردستانیان داوە و پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە.
دواتر باڵیۆزی وڵاتی بەحرێن، لە جیاتی باڵیۆز و کۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتییەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا پیرۆزبایی نەورۆزی لە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد، پێزانینیشی ھەبوو بۆ خانەوادەی شەھیدانی کوردستان و، ھەورەھا ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کرد لە دابینکردنی ئارامی و بوژانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.
جێگای ئاماژەیە ھەر لەو مەراسیمەدا باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان لە نزیکەوە چاویان بە سەرۆک بارزانی کەوت و وێڕای سوپاسکردنی سەرۆک بارزانی جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کردەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.