hemn husain
13 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2016
هەولێر
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی عێراق و ئەمریكا كە پێكهاتبوو لە راوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی فاڵح فەیاز عێراق و نوێنەری سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش بڕێت مەكگوڕگ و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ستیوارت جۆنز و كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر كێن گڕۆس و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا،كۆبووەوە.
بەپێی هەواڵێك كە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی هەریمی كوردستان بڵاوكراوەتەوە لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش سوپاسی سەرۆك هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ رەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان داوە بە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا لە شەڕی داعش و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ و سیاسەتی گشتیی وڵاتەكەیشی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە پێویستە جگە لە لایەنی سەربازیی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ تەركیز بخرێتە سەر لایەنی مرۆیی و سیاسیی ئۆپڕاسیۆنەكە. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە دوو ساڵی سەختی شەڕی دژی داعش ئەوەی ڕاگەیاند كە لە سایەی قوربانیدان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق ئێستا داعش لە پاشەكشە و شكست دایە. هەروەها بۆچوونی سەرۆك ئۆبامایشی باس كرد لەبارەی پێویستیی چڕكردنەوەی تواناكانی ئەمەریكا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەناوی هەرێمی كوردستان و عێراق سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانیی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پشتیوانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بوونە و سەركەوتن و دەستكەوتە سەربازییەكان بە یارمەتیی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان مسۆگەر كراوەن. لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە دەبێت ڕێككەوتنێكی ورد و روون لەسەر قۆناغی دوای داعش هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە پارێزگای نەینەوا بە بەشداریی هەموو لایەك ژیانێكی تازە بنیات بنرێت و چیتر كارەسات دەرهەقی پێكهاتەكان و بە تایبەت ئێزدی و مەسیحییەكان روو نەدات و ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەو كارەسات و زوڵمەی لە لایەن داعشەوە بەرانبەر ئێزدی و مەسیحییەكان كراوە هەرگیز فەرامۆش ناكرێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا وردەكاری و هەنگاوە عەمەلییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ و ڕێككەوتن لەسەر قۆناغی دوای داعش و رەهەندە جیاجیاكانی قۆناغی دوای داعش و هەستیاریی بارودۆخی نەینەوا و هێزە بەشداربووەكانی ئۆپەراسیۆنەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەر سێ لایەن بیروبۆچوونەكانی خۆیان لەبارەی تەحەدیات و وردەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش خستە روو.