Azat Muhammet
16 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2017
دهۆک-AA
نوێنەرى ئەنەکەسە لە ھەولێر، خالد عەلى رایگەیاند "سووریا نوقمى کێشەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بووەتەوە، بۆ بنبڕکردنى کێشەکانى سووریا، پێویستە ئەمریکا، رووسیا و تەواوى وڵاتانى ناوچەکە رێکبکەون لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و رێگە بگرن لە سەرجەم گرووپە تیرۆریستییەکان کە لە سووریا کردەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن".
خالد عەلى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا بە دوو نوێنەر لە خولى شەشەمى کۆبوونەوەکانى جنێڤ بەشدار دەبێت ئەوانیش هەریەکە لە جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و ئەندامی سەرکردایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، عەبدولحەکیم بەشار و هەروەها نوێنەرى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، فوئاد عەلیکۆ پێکهاتوون".
لەبارەى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، نوێنەرى ئەنەکەسە لە ھەولێر گوتى: "هەرچەند ئەنجامى بەشێک لە پرسەکە پەیوەستە بە کۆبوونەوەکان و دواى کۆبوونەوەکان دەتوانین وەڵام بدەینەوە، بەڵام ئەو خاڵانەى کە ئاشکران باسى لێوە دەکەین و ئەنەکەسە سوورە لەسەر نەهێشتنى کردەوەى تیرۆیستى لە سووریا".
عەلى گوتیشى: "ئێمە لە کۆبوونەوەکانى جنێڤ شەشدا هەموو گرووپە تیرۆریستیی و تاوانەکانیان دەست نیشان دەکەین لە سەرووى هەمووشیانەوە رژێمى ئەسەد کە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەى کۆمەڵێک گرووپى دیکەى تیرۆریستى وەک داعش، بەرەى نوسرە و چەند گرووپێکى دیکە و لە نێوشیاندا چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە، تەواوى ئەو گرووپانەى دژى بەرژەوەندى مرۆڤایەتى کار دەکەن تیرۆریستن، تیرۆر هەر تیرۆرە پێویستە هەموو وڵاتان رێگر بن لە تاوان و کردەکانیان".
سەبارەت بە قۆناغى راگوزارى سیاسى سووریا، خالید عەلى ئاماژە بە گرنگى قۆناغەکە دەدات و بە کلیکى چارەسەرى گۆڕانکاریییە چارەنووسازەکانى سووریا وەسف دەکات و دەڵێت "ئەگەر قۆناغى راگوزەرى سیاسى لە سووریا نەبێت، هیچ گۆڕانکارییەک لە پێناو بەژەوەندییە باڵاکانى گەلى سووریا بە گشتى و گەلى کورد لە سووریا نایەتەئاراوە، چونکە مانەوەى بەشار ئەسەد لە دەسەڵات و هەبوونى دەیان هێز و گرووپى شەڕکەر ئایندەى سووریاى بەرەو قۆناغێکى ئاڵۆزى نادیار بردووە".
دەشڵێت "پێکهێنانى حکوومەتێکى راگوزەر لە سووریا کۆتایی بەو هەموو پێشێلکارى و تاوانکارییانەى ئەسەد و هاوشێوەکانى دەهێنێت، دواتر دەتوانین ئایندەى سووریا لە نەمانەوە بگەڕێنینەوە، تا ئێستاش بەو قۆناغە نەگەیشتووین لەبەر بەرژەوەندیی وڵاتە زڵهێزەکانى ناوچەکە، چونکە هەموو وڵاتان کار لەسەر بەرژەوەندى خۆیان دەکەن و هیچ وڵاتێک نەبووە دەستبەردارى بەرژەوەندى خۆى بێت و رێگە خۆش بکات تاوەکو گەلى سووریا بڕیار لەسەر ئایندەى خۆیان بدەن".