سياسەت

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵ بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدات

- سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی ئەندامانی کردووە کە ئامادەبن بۆ دانیشتنی نائاسایی لە کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ تاوتوێکردنی تۆمەتەکانی ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی گشتی.

Sarmand Hameed  | 24.05.2018 - نوێکردنەوە : 24.05.2018
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵ بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدات

Baghdad

بەغدا - AA

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی ئەندامانی کردووە کە ئامادەبن بۆ دانیشتنی نائاسایی لە کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ تاوتوێکردنی تۆمەتەکانی ئەنجامدانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی گشتی کە لە ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، هاوکات هەوڵ دەدات لە رێگەی دەنگدانەوە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە رەت بکاتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە کۆپیەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا هاتووە "دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریدا بە دانیشتنی نائاسایی" لە کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە.

رۆژی شەممەی رابردوو بە هۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە، ئەو دانیشتنە نائاساییەی پەرلەمان ئەنجام نەدرا کە بڕیار بوو بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و بەم هۆیەوە سەلیم جبوری ناچاربوو بەوەی دانیشتنەکەی کردە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری و دوای دانیشتنەکەش لە بەیاننامەیەکدا داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کرد کە لەو تانە و سکاڵایانە بکۆڵێتەوە کە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە گیراون. هاوکات داوای لە دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان کرد کە بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ ئەو تانە و سکاڵایانەدا بکات.

لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێناس جانۆ پێشتر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو کە ئەوان بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ناکەن.

رێناس جانۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشووتریش هەوڵێکی هاوشێوە هەبوو، بەڵام سەری نەگرت، ئێستاش هەوڵێکی وا هەیە رەنگە لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە دانیشتنێک ساز بکرێت، بەڵام ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی بەشدار نابین".

هەر لەسەر ئەم بابەتە، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەشواق جاف پێشتر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو کە دانیشتنەکە بە مەبەستی تاوتوێکردنی شەفافیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە.

سەبارەت بە ئەگەری بەشدارینەکردنییان لە دانیشتنەکەدا، ئەشواق جاف گوتی: "ئێمە تانەمان لە پڕۆسەکە داوە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها دەبێت دەستەی قەزائی هەڵبژاردنەکان سەیری تانەکان بکات و وەڵاممان دەداتەوە، ئێمە چاوەڕێی دەستەی قەزائیی هەڵبژاردنین و تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە".

هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبوار تەها بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو کە ئەوان بەشدارناکەن چونکە "ئەم دانیشتنە دانیشتنی دۆڕاوەکانە و باوەڕیش ناکەم دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت".

لەبارەی ئەنجامی دانیشتەکە لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سۆزان بەکر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو کە ئەوان وەکو فراکسیۆن بەشداری دانیشتنەکە ناکەن و هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە ئێستا پەرلەمان لە پشووی تەشریعییە و دانیشتنەکە هیچ ئەنجامێکی نابێت. لە هەمانکاتدا ناوی پەرلەمانتارانی خولی داهاتووش نێردراوەتە دادگای فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و سوێندی یاسایی بخۆن.

١٢ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیشی لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هاوپه‌یمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٥٤ كورسی له‌ كۆی ٣٢٩ كورسیه بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە.

هەروەها هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی، هادی عامری به‌ به‌ده‌ستهێنانی ٤٧ كورسی بووه‌ براوه‌ی دووه‌م و هاوپه‌یمانی نه‌سر-یش به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌ به‌ده‌ستهێنانی ٤٢ كورسی بووه‌ براوه‌ی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın