ئابوریناسانی ئەمریكا لە بارەی نایەكسانی داهات لەو وڵاتە هۆشدارییاندا و ئاماژەیان بەوە كرد كە جیاوازی لە نێو چینی دەوڵەمەند و هەژاردا رۆژ دوای رۆژ زۆرتر دەبێ.
ئابوریناسانی ئەمریكا بۆ ئاژانسی ئاپ باسیان لە جیاوازی زۆری نێوان داهاتی چینی دەوڵەمەند و چینەكانی دیكەی ئەمریكا و كاریگەرییەكانی ئەو جیاوازییە لە سەر ئابوری ئەو وڵاتە داوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو راپۆرتەدا ئابوریناسانی ئەمریكا گوتوویانە كە داهاتی زۆر و داهاتی بۆرسەكان بۆ چینی دەوڵەمەندی ئەمریكایە و ئاستی داهاتی چینی ناوەند و چینەكانی دیكەی كۆمەڵگە دابەزینی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، ئەو جیاوازییە گەورەترین كێشەی بەردەم حكومەتی ئەمریكایە.
ئابوریناسی ناوداری ئەمریكا سكۆت برۆن لەوبارەوە گوتی: "ئەوەی داوا دەكرێ دروستكردنی چینێكی بەرفراوانی دەوڵەمەندە تا بەو جۆرە ژمارەیەكی زۆر خەڵك پارە سەرف بكا، مەسرەف كردنی پارە لە لایەن دەوڵەمەندەكانەوە بارودۆخی ئابوری باشتر دەكا، بەڵام بڵاوبوونەوەی دەوڵەمەندی دەبێتە هۆی بەهێزتر بوونی ئابوری وڵات."
هەر لەو بارەیەوە ئابوریناس میشێل نیەمیرا گوتی: "ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە بۆرسە بە بڕینی لە ناكاوی خەرجی دەوڵەمەندان دەبێ، چونكە بەو جۆرە گۆڕانكارییەكی باش لە ئابوریدا دروست دەبێ."
ئامارە رەسمییەكانی حكومەت دەسەلمێنن كە دابەشكردنی داهات لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر بووە. داهاتی سەدا پێنجی چینی دەوڵەمەندی ئەمریكا لە سەدا ١٧ زیادی كردووە لە بەرامبەردا داهاتی چینی ناوەند كە سەدا ٢٠ی كۆمەڵگەی ئەمریكایە لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا تەنیا لەسەدا پێنج بووە.