16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2017
بەغدا ــ AA
هەر یەك لە ئەمریكا و ئەڵمانیا هانی حكوومەتی فیدرال و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن كە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە دەست بە گفتوگۆ بكەن.
لە تویتێكدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، برێت ماكگۆرك ئاماژەی بەوە داوە كە شەوی رابردوو لە بەغدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كۆبووەتەوە كە تیایدا گرنگی گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستوور بۆ چارەسەركردنی قەیرانە هەڵپەسێردراوەكان دووپات كردووەتەوە.
برێت ماكگۆرك روونی كردووەتەوە كە هەر لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی باسیان لە شەڕی دژبە داعش كردووە.
شەوی رابردوو نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، برێت ماكگۆرك بە سەردانێكی پێشتر رانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا.
کۆنسولخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێدا پێشوازی لە راگەیەنراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە وێڕای رێزگرتن لە بڕیاری دادگای بالای فیدڕاڵی عێراق داوای دیالۆگی لە بەغدا کردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەیاننامەکەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی شیكردنەوەی ماددەی یەكی دەستووری عێراق لە لایەن دادگای فیدرالیەوە بە ئاماژەیەكی گرنگ وەسف كردووە كە بەڵگە لەسەر ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە كە ئێستا پێویستە لەسەر حكوومەتی عێراق بەپەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە گفتوگۆ بكات بە ئامانجی چارەسەركردنی پرسە سیاسی و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.