بەغدا
ئەلئەخزەر ئەلئیبراھیمی داوای لە نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد پاڵپشتیی چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانی سوریا بکات و ھانی سەرجەم لایەنەکان، بە رژێمی سوریایشەوە، بدا لەپێناو چارەسەری قەیرانی وڵاتەکەدا سازش بۆ یەکتر بکەن.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی رەسمیی عێراقی کە ئاژانسی ئانادۆڵو وێنەیەکی دەست کەوتووە، ئەو داوایەی ئیبراھیمی لەکاتی پێشوازیکرانیدا بوو لەلایەن مالیکیەوە لە بەغدای پایتەخت.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرۆک وەزیرانی عێراق خوازیاری گەیشتن بووە بە چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ قەیرانی سوریا، بەشێوەیەک "گەلی سوریای برا لە مەینەتی و ئێش و ئازاری زیاتر بپارێزێ".
ھەروەھا ئاماژەی بەوە داوە بەبنبەست گەشیتنی رێگەچارەی سەربازی و گەشەکردنی قەناعەت بە زەرورەتی چارەسەری سیاسیی قەیرانەکە، وایکردووە دەرفەتی سەرکەوتنی دەستپێشخەریەکانی ئاشتی زیاتر مایەی قبوڵکردن بن.
مالیکی "ئامادەیی تەواو" عێراقی پیشان دا بۆ پاڵپشتیکردنی ھەوڵەکانی نێردە نێودەوڵەتییەکە بەشێوەیەک چارەسەرێکی سیاسیی کە جێی رەزامەندیی ھەموولا بێ، بێنێتە کایە.
ئەلئەخزەر ئیبراھیمی ھیوای خواست کۆنگرەی جنێڤ ٢ لە کۆتایی مانگی داھاتوو ببەسترێ.
بەگوتەی سەرچاوە رەسمیەکانی عێراق، دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، ئیبراھیمی چاوی بە ھۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی عێراقیش کەوتووە.