Mazın Asad
13 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2017
ئادانا - AA
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری ئادانا پێنج کەس دەستگیر کران کە گوماندەکرێت پەیوەندییان بەو تیرۆریستانەی داعشەوە ھەبووبێت کە دوێنێ لە شاری قۆنیا کوژران.
بە پێی زانیارییەکان، تیمەکانی ھۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئادانا ئۆپەراسیۆنێکی بە مەبەستی دەستگیرکردنی ١٠ ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەست پێکرد کە گوماندەکرێت پەیوەندیان بەو تیرۆریستانەی دوێنێ ھەبووبێت کە لە شارۆچکەی مەرام سەر بە پارێزگای قۆنیا کوژرابوون.
تیمەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ پۆلیسی تایبەت بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر ١٠ ناونیشان لە شارەکە ئەنجامدا.
تیمەکان بە چەکی لوولەدرێژ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لەو شوێنانەی کە ئۆپەراسیۆنیان تیادا ئەنجامدا رێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر و دەرگای ژمارەیەک باڵەخانەیان شکاند و چوونە ژوورەوە.
تیمەکان، گەڕان و پشکنینی تەواویان لەناو ناونیشانەکاندا، ئەنجامدا.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پێنج کەس دەستگیر کران و کار بۆ دەستگیرکردنی پێنج کەسی دیکەش دەکرێت.
ئەو تۆمەتبارانە دوای کۆنترۆڵی پزیشکی، بە مەبەستی وەرگرتنی ئیفادەکانیان، رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس کران.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ لە ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە داعش لە شارۆچکەی مەرام سەر بە پارێزگای قۆنیا، پێنج تیرۆریست کوژران و چوار کارمەندی ئەمنیش بە سووکی بریندار بووبوون.