واشنتۆن
سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا باراک ئۆباما لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئەکادیمی سەربازیی وێست پۆینت لە ویلایەتی نیویۆرک گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئۆباما لە گوتارەکەی ئاماژەی بە نەناردنی خوێندکارە دەرچووەکانی ئەم خولەی ئەکادیمیای سەربازی لە دوای ھێرشی ١١ی ئەیلولەوە بۆ عێراق و ئەفغانستان کرد و گوتی: "ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە لە دوای ھێرشی ١١ ئەیلولەوە سەربازانی دەرچووی ئەکادیمیا بۆ جەنگی عێراق و ئەفغاستان رەوانە ناکرێ، کاتێ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٩ کە لە وێست پۆینت قسەم کرد ١٠٠ ھەزار سەرباز لە عێراق بوون، ھەروەھا ئامادەکاری بۆ بەرزکردنەوەی ژمارەی سەربازەکان لە ئەفغانستان دەکرا، لە چوار ساڵ ئیدی لە عێراق سەربازمان نەماوە، لە ئەفغانستانیش کێشراونەتەوە."
ئۆباما ھەروەھا باسی لە ھەندێ دەنگۆی بێھێزبوونی ئەمریکا بەھۆی کێشانەوەی ھێزەکانی لە ناوچەکە کرد و بەرگری لە وڵاتەکەی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە کرد کە ھەندێ لایەن ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن کە ئەمریکا بەرەو دابەزین دەڕوا یان سەرۆکایەتی جیھان لە دەستدەدا و سەرقاڵ نییە بە کێشەی ناوچەکانی جیھان، یاخود وەڵام نەدانەوەی تەواوەتی لە پرسەکان.
ئۆباما گوتی: "لە سەدەی بیست و یەکدا دابڕانی ئەمریکا ھەڵبژاردە نییە، لە ھەمان کاتدا لە دەرەوەی سنوورەکە چاودێری ئاشتی و ئازادی دەکا، بەڵام لە ھەر کێشەیەکدا پێویستە رێگەی سەربازی بۆ چارەسەر دیاری نەکرێ. لە جەنگی جیھانیی دووەمەوە تا ئێستا ئەمریکا ھەڵەکانی بەھۆی میانڕەوییەوە نەبووە، بەڵکو بە تەواوەتی بیر لێنەکردنەوە و پشتیوانی نەکردنی نێودەوڵەتی و خستنە ناوەوەی یاری سەرباز بووە، وەک قەیرانەکانی سوریا میناڕەوترانە مامەڵەی کردووە."
ئۆباما بۆ خوێندکارە دەرچووەكان گوتی: "ئەگەر ئێوە تەنیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شوێنێکی جیھان یاخود بۆ ئەوەی ئەمریکا بە بەھێزی نیشان نەدەم تەنیا رێگە چارەی سەربازی دیاری بکەم یان بۆ روواندنەوەی نیگەرانی لە رەخنەی لایەنەکان بخەمە ناو مەترسییەوە، ئەوە لە بەرامبەر ئێوە خیانەت لە ئەرکەکەم دەکەم."
پێویستە ئەمریکا بەردەوام رێبەربێ لە سەر شانویی جیھان
ئۆباما لە درێژەی گوتەکانی باسی لە راوێژ و تێڕوانینی وڵات بۆ کێشەکانی وەک قەیرانی ئۆکرانیا و رووداوی رفاندنی کچە نێجیرییەکان کرد.
ئۆباما گوتی: "لێرەدا کێشەکە ئەوە نییە کە ئەمریکا سەرۆکایەتی یان رێبەرایتی دەکا، چۆن رێبەرایەتییەک دەکا؟ خاڵی سەرەکی رێبەرایەتی بەردەوامی ئەمریکایە لەسەر شانۆی جیھان، ئەگەر ئێمە نەیکەین ھیچ کەسێک ناتوانێ، سوپا بڕبڕەی رێبەرایەتییە، بەڵام چالاکییە سەربازییەکان ھەموو کات نابنە تاکە پێشڕەوی پێکھاتەمان. چونکە زیانی چالاکی سەربازی زیاترە، سەرجەم سەرۆکە مەدەنییەکان، بە تایبەتی سەرھەنگ دەبێ زۆر روون و ھەستیاربێ تا چۆنییەتی خاڵی ھێزی بەکاربێنێ.
راستەوخۆ ھەڕەشە، یان ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی
ئۆباما رایگەیاند، لە ئەگەرێکدا راستەوخۆ ھەڕەشە لە وڵات و ھاوڵاتییان و ئاسایش بکرێ، ئەمریکا ھێزی سەربازی بەکاردێنێ، ئەگەر لەم خاڵەدا بیروڕای نێودەوڵەتی گرنگیش بێ لە خاکی خۆی مافی پاراستی ھەیە و مۆڵەت لە کەس وەرناگرێ، بەڵام ئەو پرسانەی پابەندە بە جیھان و راستوخۆ ھەڕەشە لە ئەمریکا ناکا، بۆ ھێرشی سەربازی پێویستە ھەڕەشەکە لە چەکی سەربازی بەرزتر بێ.
ئۆباما ئاماژەی بە تەنیا نەبوونی ئەمریکا لە رەوشەکە و بوونی لایەنەکان کرد، ھەروەھا ئاماژەی بە دۆزینەوەی رێگەی دێبلۆماسی و سەپاندن و یاسای نێودەوڵەتی و پێویستی رەوشەکە بە چالاکی سەربازی و ھاوپەیمانی کرد و گوتی: "بەکارھێنانی ئەو چالاکییانە ئەگەری سەرکەوتنی بەرزترە و زیانی ھەڵەکانیش کەمتر دەکاتەوە."
تیرۆریزم گەورەترینە و ھەڕەشەی راستەوخۆیە
ئۆباما لەبارەی بەردەوامی ھێرشی سەربازی و دروستنەکردنی دوژمنی زیاتر گوتی: "لەگەڵ رێگەنەدان بە ھەڕەشەی بە پەلە، بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکان، لێرەدا لۆژیک سڕینەوەی ئەوانەیە، بەڵام ئامانجیش دروست نەکردنی دوژمنی زیاترە."
سەرۆکی ئەمریکا لە رێوڕەسمەکە ئاماژەی بە ھەڕەشەی "تێرۆر" لە لایەن گروپە پەیوەندیدارەکان بە قاعیدەوە کرد و گوتی: "ئیتر ھەڕەشەکان لە ناوەندی رێکخراوی قاعیدەوە نایەن، بەڵکو پەیوەندیدارە بە رێکخراوی قاعیدەوە و لە لایەن گروپەکانەوە دێ، بۆیە لە بری ھێزی یەکینەی سەربازی گەورە، پێویستمان بە وڵاتانی ھاوکار لە کارەکان ھەیە، پێویستە ئاستی پەروەردەی وڵاتانی ھاوبەش لەو رووەوە بەرزبکەینەوە، لەو بارەیەوە سندوقێکی ھاوبەشی پێنج ملیار دۆلاریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دامەزراندووە و داوا لە کۆنگرێس دەکەین پشتیوانی لە سندوقەکە بکا."
پشتیوانی یەدەگ بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا
ئۆباما دووپاتیکردەوە بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا بیرکردنەوەی سەربازی نییە و گوتی: "بە بەرزبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی لە ناوچەیەک، بڕیاری نەناردنی سەربازم داوە، پێموایە کارێکی باش بێ، بەڵام ئەوە ناگەیەنێ کە پشتیوانی لە گەلی سوریا ناکرێ، رایدەگەیەنم پشتیوانی سەرچاوە یەدەگییەکانمان بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا کە میوانداری پەنابەرانی سوری دەکەن وەک عێراق، ئوردن، تورکیا، لوبنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر لە سنووری سوریا بەرزدەکەینەوە. لەگەڵ کۆنگرێس بۆ دانانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ شوێنگرتنەوەی تێرۆر و دیکتاتۆری زاڵم کاردەکەم."
پێویستە رێکخستنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەھێزبکرێ
ئۆباما باسی لە بەھێزکردنی رێکخستنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد و ئاماژەی بە دۆزینەوەی رێگەچارەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکان کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی قەیرانی ئۆکرانیاوە گوتی: "گەلی ئۆکرانیا توانی چانسی خۆی لە رێی ھەڵبژاردنەوە بە ھاوکاری ئیئتیلافی نێودەوڵەتی بۆ داھاتووی وڵاتەکەی دیاری بکا، ھاوشێوەی ئەو پرسە ئێران و وڵاتانی ٥+١ لە دیدارەکاندا دوای چەندین ساڵ بۆ یەکەمجار توانییان چانسی تیشکی چارەسەر دەربخەن."
ئۆباما باسی لە گرنگی رۆڵی ناتۆ و نەتەوە یەکگرتوەکان و بانکی جیھانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە سەرجەم پرسەکان کرد و گوتی: "بەھۆی گۆڕانی شێوەی جیھانەوە، گۆِڕانکارییە بنەڕەتییەکان پێویستە."
لە کۆتایی گوتەکانی ئۆباما پێداگری لە ویستی داخستنی بەندینخانەی گوانتانامۆ کرد و رێبەرایەتی ئەمریکای لە پاراستنی رێزی مرۆڤایەتی دووپاتکردەوە، ھەروەھا گوتی: "ئەمریکا لە چوارچێوەی ئاسایشدا لەگەڵ حکومەتی میسر کاری ھاوبەشی بەردەوامی دەبێ، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەبێ لە فشارەکانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە وڵات کە خواستی گەلی میسرە."