Hemn Baban
02 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2017
نه‌ینه‌وا- AA
هێشتا شه‌ڕی كۆڵان به كۆڵان له‌لای راستی شاری مووسڵ به‌رده‌وامیی هه‌یه و هێزه‌كانی پۆلیسی فیدڕاڵی و هێزه‌كانی دژه تیرۆر به‌جیا سه‌رقاڵی پاشه‌كشه‌پێكردنی زیاتری چه‌كدارانی داعشن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له ئاسمانه‌وه هێلیكۆپته‌ره‌كانی سوپای عێراق به‌رده‌وامن له بۆردومانكردنی چه‌كدارانی داعش، به‌ڵام وه‌كو سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی عێراق ده‌یڵێن "وردتر له پێشوو"، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه دێت کە له چه‌ند رۆژی رابردوو به هۆی بۆردومانێكی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانێتی نێودەوڵەتی بۆ گه‌ڕه‌كی مووسڵ جەدیده و له بوونی قه‌ڵغانی مرۆیی كه داعش به‌رامبه‌ر به دانیشتوانی لای راستی شاره‌كه ئه‌وانه‌ی هێشتا له‌ژێر ده‌ستی ماون په‌یڕه‌وی ده‌كات كه بووه هۆی كوژرانی سەدان هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیكه.
لێره له نێو گهڕهكانی باب جەدید و مووسڵ جەدیده و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی دیكه شوێنه‌واری شه‌ڕ و ماڵوێرانی زۆر به روونی دیاره و به‌شی هه‌ره زۆری ئەو هاووڵاتیانەی له گەڕەکەکانی نێوان هێزه‌كانی عێراق و چه‌كدارانی داعشدان بەرەو ناوچەکانی ژێر دەستی هێزە عێراقییەکان هه‌وڵی هه‌ڵاتن ده‌ده‌ن. لێره باڵه‌خانه‌كان به‌زۆری كه‌وتوون، خانووه‌كان زۆرینه‌یان زیانییان پێگه‌یشتووه، ئاو و كاره‌با نییه، جادهوبانهكان زۆرینه تێكچوون.
له گه‌ڕه‌كی مووسڵ قه‌دیمه كه یه‌كێكه له گه‌ڕه‌كه‌كانی مووسڵ و تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو له‌وێ سه‌رقاڵی رووماڵی جه‌نگ بوو هێزه‌كانی عێراق هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌زووترین كات ئه‌م گه‌ڕه‌كه كه كۆڵانه‌كانی ته‌سك و بچووكن و رووبه‌ری فراوان بۆ تێپه‌ڕبوونی ئۆتۆمبیله سه‌ربازییه‌كان له‌هه‌موو شوێنێكدا نییه، كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه.
له چه‌ندین شوێنیش‌دا بهتانییهكان له‌نێو كۆڵانه ته‌سكه‌كاندا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌كانی عێراقه‌وه له‌نێوان كۆڵانێك بۆ ئه‌وی تر هه‌ڵواسراون بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانی داعش كه هێشتا جێی مه‌ترسیین، بشێوینن.
جێگری فەرماندەی فه‌وجی چواره‌می لیوای 18ی هێزه‌كانی پۆلیسی فیدڕاڵی، موقه‌ده‌م عیماد خه‌له‌ف عه‌بدوڵڵا له لێدوانێكدا له نێو یه‌كێك له كۆڵانه ته‌سكه‌كانی گه‌ڕه‌كی مووسڵی قه‌دیمه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمه رێڕهومان بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی داعشه‌وه هه‌ڵدێن كردووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا گه‌ڕه‌كی مووسڵ قه‌دیمه به‌ته‌واوه‌تی کۆنتڕۆڵ بکەینەوە. پێشبینی ده‌كه‌ین به‌م نزیكانه له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وییه زۆر باش و خێراكانماندا ئیدی به‌شێكی زۆری لای راستی مووسڵ رزگار ببێت".
ئه‌و ئه‌فسه‌ره پله باڵایه‌ی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا له‌باره‌ی ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش ئه‌وانه‌ی له به‌ری راستی مووسڵ ماون بۆ ئانادۆڵو گوتی: "به‌پێی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانمان نزیكه‌ی 500 بۆ هه‌زار چه‌كداری داعش ماون، ئه‌وان ئێستا تاكتیكی به‌كارهێنانی قه‌ناس بهدهستهكانییان و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژییان به‌ده‌سته‌وه ماوه، ئه‌وه‌ی به‌پێی توانا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌سه‌ریدا زاڵ بین، ئه‌گه‌رچی شه‌ڕی كۆڵان به كۆڵان جیاوازیی هه‌یه له شه‌ڕی دیكه".
هێشتا شه‌ڕی دژبه داعش كه 10ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 به نزیكه‌ی 400 چه‌كداره‌وه شاری مووسڵ و دواتر به‌شی هه‌ره زۆری پارێزگای نه‌ینه‌وا و دواتر چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراقی كۆنتڕۆڵ كرد، خوێن له جه‌سته‌ی زۆرینه‌ی موسڵاوییه‌كان دهچۆڕێنێت، هێشتا نزیكه‌ی 400 هه‌زار كه‌س له‌ژێر ده‌ستی داعش تاڵاوی شه‌ڕ و دیمه‌نه‌كانی خوێن و رووخان و كاولكاریی لهبهرچاوییاندایه سات به سات.
ئۆتۆمبیله تهقێنراوهكان، هه‌ڵدانی خۆڵێكی زۆر له‌نێو گه‌ڕه‌كان، شكاندنی ده‌رگای ماڵه‌كان و تاڵانكردنی به‌شێكییان، شوێنی فیشه‌ك و گوللـە و مووشه‌ك، هێشتا زۆرییان ماوه به‌خه‌ڵكی مووسڵ بڵێن كه ئه‌م شاره به ئاسانی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی پێش 10ی حوزه‌یرانی 2014.
ئه‌گه‌رچی مووسڵ به‌ره‌و شارێكی ته‌واو وێران ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش رزگارییان بووه، هێشتا زۆر چیرۆكی نهوتراوییان بۆ گوتن هه‌یه، هه‌ر خۆشی وێرانه‌یی شار و باڵه‌خانه‌كان و دیمه‌نه‌كانی مووسڵ پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی لێره روویدا شه‌ڕێكی قورس بوو، شه‌ڕیش نا به‌ته‌نها كاره‌ساتیش.