Aladdin Hıdır,Dlshad Saifaalddin Ahmed
05 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2019
ریاز - AA
ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری ریازی پایتەختی سعوودیە، رێوڕەسمی واژووکردنی "رێککەوتنامەی ریاز" لەنێوان حکوومەتی یەمەن و ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمی واژووکردنی رێککەوتنەکەدا سەرۆکی یەمەن، عەبد رەبە مەنسور ھادی و شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان و شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، محەمەد بن زاید ئامادەی بوون.
رێکەوتنامەکە لەسەر داوای پادشای سعوودیە و بۆ کۆتایی ھێنانە بە ناکۆکیی و ململانێی نێوان ھەردوولایەنی حکوومەتی یەمەنی و ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور کە لە لایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێن و لەماوەی رابردوودا ناکۆکی و ململانێی سەربازییان ھەبوو لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەندین شاری باشووری وڵاتەکە بەتایبەت عەدەن.
رێککەوتنامەکە لە چەندین بەندی سەرەکی و چەند پاشکۆیەکی سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی پێکھاتووە.
بەگوێرەی بەشێک لە بەندەکانی رێککەوتنامەکە، حکوومەتێکی نوێ لەسەر بنەمای لێھاتوویی سیاسی پێکدێت کەلە ٢٤ وەزیر زیاتر نەبێت و وەزیرەکان لەلایەن سەرۆک بەراوێژ لەگەڵ سەرۆکوەزیران و پێکھاتە سیاسییەکانی تر دادەنرێت کە نوێنەرایەتی پارێزگاکانی باکوور و باشوور بکات ، گەڕانەوەی ھەموو ئەو ھێزانەی لە مانگی ئابی رابردوو بە ئاراستەی عەدەن و پارێزگاکانی تر پێشڕەوییان کردبوو بۆ بنکە و سەربازگەکانی پێشوویان، یەکخستنی ھێزە سەربازییەکان و لکاندنیان بە وەزارەتی بەرگریی یەمەن، سەرلەنوێ رێکخستنەوەی ھێزە تایبەتەکان و بنەبڕکردنی تیرۆر لە پارێزگای عەدەن.