Dilşad Seyfeddin Ahmet
11 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2016
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی لیژنەی كاراكردنەوەی حكوومەت و پەرلەمان مەلا بەختیار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی وادەی كۆبوونەوەی باڵای لایەنەكان رایگەیاند، "وەك یەكێتی داوایان كردووە كۆبوونەوەی باڵای لایەنەكان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی دوابخرێت".
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بەرەو میونیخ گەشت دەكات بۆ بەشداری كردن لە كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاسایشی جیهان و گوتی: "بە دڵنیاییەوە بەڕێز مەسعود بارزانی لەو كۆبوونەوەیە باسی كۆمەك و كێشەكانی كوردستان دەكات و گوتاری دەبێت لەبارەی كەمتەرخەمی دەوڵەتە گەورەكان كە بەرامبەر قەیرانی دارایی و خەڵك هەیانە".
مەلا بەختیار ئەوەشی گوت: "دوای هاتنەوەی بارزانی قسەی تازەمان دەبێت و كۆمەڵێك حەقیقەتی تر هاتۆتە پێشەوە بۆ هەموو لایەنەكان كە پێویستە بە ئەجێندایەكی تازەوە كار بكەین".
بەرپرسەكەی یەكێتیی باسی لەوەش كرد، كە ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە سەرپەرشتی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی ئەو حزبە كۆسرەت رەسول بەڕێوە دەچێت، ئەجێندای سەرەكی كۆبوونەوەكەش تاوتوێكردنی قەیرانی ئێستای داراییە و حزبەكەشی لەگەڵ تەواوی داخوازییەكانی خەڵكدان.
مەلا بەختیار ئەوەشی گوت، بەنیازن گفتوگۆیەك لەگەڵ حكوومەت بكەن و تاوتوێی ئەو رەخنانە بكەن كەلەسەر پڕۆژە پێشنیازەكە هەیە و قسە لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی رەخنە و نیگەرانی فەرمانبەران لەسەر سیستمی نوێی مووچە دەكەن.
ئەو گوتی: "خۆمان لەبەرپرسیارێتی نادزینەوە و بەشێكین لە سیستەم و حكوومەت و دەسەڵات و هەر لایەكیش بەشداری حكوومەتەكەی كرد بێت لە ئێستا و رابردوودا بەشێك لەبەرپرسیارێتی حكوومەتی بەردەكەوێت، لەم قەیرانەشدا كە حكوومەت تووشی تەنگەژە بووە پێویستە هەموو لایەكمان ئەجێندامان هەبێت و بڕیاری مەسئولانەمان هەبێت بۆ رزگاركردنی خەڵك لەو قەیرانە و هاوكاری حكوومەت بكەین تاوەكو باشتر لەو قەیرانە دەربازمان ببێت".
مەلا بەختیار گوتی: "ئەوەی ئێستا هەیە شەڕی نەهێشتنی برسییەتییە و پێویستە بەهەموو لایەكەوە بیكەین و هاوكاری حكوومەت بكەین بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی خەڵك بكات".