چەرەزات بە گشتی و فستقی عەنتاب بە تایبەتی خواستێکی زۆریان لەسەرە بۆ جەژن
وەک ئامادەکارییەک بۆ جەژنی ڕەمەزان، بازاڕەکانی ھەرێم لەم مانگەدا، تا درەنگانی شەو کراوە دەبن و خەڵکێکی زۆر بەمەبەستی بەسەربردنی کات و کڕینی پێداویستییەکان ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن.

Arbil
هەولێر - AA
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، هاووڵاتییان ئامادەکاری بۆ جەژن دەکەن و دەست بە کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکان دەکەن و خۆیان بۆ پشووی دوای مانگی ڕەمەزان ئاماددە دەکەن.
وەک زۆرینەی موسڵمانان، نەریتی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە لە دوای بەڕۆژووبوونی مانگی ڕەمەزان، ئیتر بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خۆشی بگێڕن، بە جلوبەرگی نوێیەوە سەردانی یەکتر بکەن و مێزەکان بە چەرەزات، شیرینی و شەربەت بۆ میوانان بڕازێندرێتەوە.
بازاڕەکانی ھەرێم لە مانگی ڕەمەزاندا، تا درەنگانی شەو کراوە دەبن و خەڵکێکی زۆر بەمەبەستی بەسەربردنی کات و کڕینی پێداویستییەکان ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن.
چەرەزات یەکێک لەو پێداویستییانەیە کە بۆ ڕۆژانی جەژن لەسەر مێزی هەموو ماڵێک دەبینرێت بۆیە بازاڕی چەرەزات گەرمە و هاووڵاتییان شەوانە ڕوو لە دوکانەکانی چەرەزاتفرۆشی دەکەن و بابەتە جیاوازەکان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی ڕۆژانی جەژن پێشکەشی میوانەکانی بکەن.
چەرەزاتفرۆش سدیق سەلیم لەبارەی ئامادەکارییەکانی جەژن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە شێوەیەکی بەردەوام خواست لەسەر چەرەزات هەیە بەڵام لە مانگی ڕەمەزاندا خەڵک زیاتر سەرنج دەخاتە سەر چەرەزات و مێزی میوانی پێ دەڕازێندرێتەوە، هەروەها دەبێت خەڵک بابەتە باش و خراپەکان لەیەکتر جیابکاتەوە".
سدیق سەلیم ئاماژەی بە بابەتە باش و بەناوبانگەکانی چەرەزات کرد و گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی فستق، گازۆ و باوی خواستی زۆر لەسەرە، فستقەکانیش جۆری هەیە، تورکی، ئێرانی و ئەمریکی، بەڵام فستقی عەنتابی تورکی خواستێکی زۆری لەسەرە، هەرچەندە بەهۆی بەرزی کوالێتییەکەیەوە نرخەکەی بەرزە بەڵام ئەوانەی توانای داراییان باشە بەردەوام فستقی عەنتاب دەکڕن".
بە گوتەی سدیق سەلیم، فستقی سادە و خاو خواستی زیاتر لەسەرە و پەیوەندی بە تەندروستیی مرۆڤەوە هەیە، لەمبارەیەوە گوتی: "فستقی سادە و خاو خواستی زیاتر لەسەرە، هاووڵاتییان کەمتر ئارەزووی فستقی سوێر دەکەن و ئەمەش پەیوەندی بە تەندروستییەوە هەیە و کەمتر خوێ بەکاردەهێنن، چونکە فستق بۆخۆی کۆمەڵێک ماددەی بە سوودی تێدایە و قورسن، بۆیەش خواست لەسەر فستقی بێ خوێ زیاترە".
یەکێک لە ئامادەکارییەکانی دیکەی هاووڵاتییان بۆ جەژن، جلوبەرگە بە تایبەت ئەوانەی ئامادەن و پێویستیان دوورین نیە و لە ڕووی نرخیشەوە هەرزانترە لەو جلوبەرگانەی هاووڵاتیی دەیداتە بەرگدرووێک تا بۆی ئامادە بکات.
جلوبەرگ فرۆش، ئەحمەد ساڵح عوسمان لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بۆ ئەم جەژنە بێگومان ئامادەکاریی کراوە بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە ئەوا خەڵک وەک پێویست نەیانتوانیووە جلوبەرگی نوێ دابین بکەن، پێشبینی دەکەین ئەگەر تا جەژن مووچە دابەش بکرێت ئەوا جووڵەیەکی باشتر بکەوێتە بازاڕەوە".
ئەحمەد ساڵح گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی بەرەو وەرزی گەرما دەچین، خواستەکان زیاتر لەسەر جلوبەرگی قۆڵ کورت و هاوینەن، لێرە جلوبەرگی ئامادە دەفرۆشین، بابەتەکان زیاتر دروستکراوی تورکیا و چینن، لە ڕووی نرخیشەوە تا ڕادەیەک مامناوەندە و مووچەیەک بدرێت خەڵک دەتوانێت پێداویستییەکانی جلوبەرگ بۆخۆی دابین بکات".
لە جەژنەکاندا بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان جلوبەرگی کوردی دەپۆشن، بەهۆی ئەوەی ئێستا ئەم جلوبەرگە تەنیا لە ڕێوڕەسم و بۆنەکان دەپۆشرێت، بۆیە خەڵک کەمتر ڕێی دەکەوێتە دوکانەکانی بەرگدروو.
وەستا زیاد خەیات ماوەی ٤٢ ساڵە پیشەی بەرگدرووە و ئاماژە بەوە دەکات کە کارەکانی ئەوان بەردەوامە و جلوبەرگی کوردی کڕیاری خۆی هەیە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ماوەی دە ڕۆژ دەبێت هیچ قوماشێکیان وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی بیدروون.
وەستا زیاد خەیات لەبارەی ئامادەکارییەکانی خەڵک بۆ جەژن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جلوبەرگ درووین ڕانەوەستاوە، ڕەمەزانان خەڵک بێتاقەتە و ئەگەر پێویست نەبێت نایەتە دەرەوە بۆیەش شەوانە بازاڕ گەرم و پڕجووڵەترە، بازاڕی ئێمەش موشتەری خۆی هەیە، بە گشتی کارەکان لاوازن بوونە و ساڵ لە دوای ساڵ پیشەی درووینی جلوبەرگی کوردی لاواز دەبێت و خواست لەسەری کەم دەبێتەوە".
لەبارەی کوالێتی ئەو قوماشانەی بۆ جلوبەرگی کوردی لە بازاڕ هەن، وەستا زیاد گوتی: "قوماشی ئێستا زۆربەیان چینین و بە گشتی کوالێتی باش نیە، هۆکارەکەیشی بۆ نرخەکان دەگەڕێتەوە، قوماشی باش نرخی گرانە و خەڵک کەمتر توانای کڕینی هەیە".
نرخی دەستحەق یەکێکە لەو بابەتانەی کە جیاوازییەکی زۆری هەیە لە نێوان بەرگدرووێک و بۆ بەرگدرووێکی دیکە و لەمبارەیەوە وەستا زیاد خەیات گوتی: "دەستحەق دیار نیە، لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، قاتی کوردی هەیە درووینی ٦٠ هەزارە و هەمان قات وەستایەکی دیکە بە ١٢٠ هەزار دەیدرووێت، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی و لێهاتوویی وەستاکە، بەڵام بە گشتی خەڵک دەبێت قوماشی باش و خراپ لەیەکتر جیابکاتەوە".
وەستا زیاد خەیات گوتیشی: "بەبۆنەی جەژنەوە زۆرتر سەرقاڵین، چونکە ماوەی دە ڕۆژ دەبێت هیچ جلوبەرگێکمان وەرنەگرتووە، چونکە جلوبەرگی خەڵکمان لایە و دەبێت تا جەژن تەواوی بکەین".