لە مانگی ڕەمەزاندا خواستێکی زۆر لەسەر تەسبیح هەیە
بەهۆی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە خواست لەسەر بەکارهێنانی تەسبیح زۆر بووە و موسڵمانان بۆ زیکرکردن لەمیانی ئەم مانگەدا بەکاریدەهێنن.

Arbil
هەولێر - AA
ئەگەرچی تەسبیح لە کۆمەڵگەدا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە زۆربەی خەڵک گرنگی پێدەدەن و لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بەکاریدەهێنن، بەڵام بەهۆی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە خواست لەسەر بەکارهێنانیان زۆر بووە و موسڵمانان بۆ زیکرکردن لەمیانی ئەم مانگەدا بەکاریدەهێنن.
ئەو تەسبیحەی بۆ زیکردکردن بەکاردێت، زیاتر ئەو تەسبیحەیە کە ژمارەی دەنکەکانی ١٠١ دەنکە و، چەندین جۆری جیاوازی لەبازاڕ هەیە و بەپێی کوالێتی و جۆرەکەیشی، نرخەکەی دەگۆڕێت کە تەسبیحی ١٠١ دەنکی لە هەزار دینارەوە هەیە تا ٣٠٠ هەزار دینار.
تەسبیحفرۆشێک ئاماژە بەوە دەکات کە لەمانگی ڕەمەزاندا خواستێکی زۆر لەسەر تەسبیحی ١٠١ دەنکی هەیە بە تایبەتی جۆری پلاستیک و نارجیل چونکە ئەوانە نرخەکەی هەرزانە و دۆخی دارایی خەڵکیش باش نیە.
تەسبیحفرۆش، حەمەدئەمین قادر لە کۆڵانی تەسبیحفرۆشانی باغی شار لە هەولێر، مێزێکی پڕ لە تەسبیحی لەبەردەمی داناوە و جۆرەکانی لەیەکتر جیاکردووەتەوە، زۆرترین تەسبیحیش کە لەسەر مێزەکەیەی هەیە، ئەو تەسبیحانەن کە ١٠١ دەنکە و خەڵک بۆ زیکرکردن بەکاریان دەهێنێت.
حەمەدئەمین قادر لەبارەی پیشەکەی لە مانگی ڕەمەزاندا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە مانگی ڕەمەزاندا خواستێکی زۆر لەسەر تەسبیحی ١٠١ دەنکی هەیە، چونکە خەڵک لەم مانگە زیکری پێ دەکەن، ئێستاش زۆرترین تەسبیحێک کە لەلای ئێمە دەفرۆشرێت جۆری پلاستیک و نارجیلە چونکە نرخەکەی لە ئاست چاوەڕوانی خەڵکدایە و هەرزانە".
لەبارەی نرخەکانییانەوە، حەمەدئەمین قادر گوتی: "جۆری پلاستیک نرخەکەی تەنیا یەک هەزار دینارە، هەروەها جۆری نارجیل نرخەکەی لەلای من ١٢ هەزار دینارە، بێگومان تەسبیحی دیکە هەیە کە ١٠١ دەنکە و لە جۆری قەزوانە ئەوا نرخەکەی تا ٣٠٠ هەزار دینار دەڕوات، بەڵام ئەو موشتەری خۆی هەیە و هەموو کەسێک نایکڕێت".
بە گوتەی حەمەدئەمین قادر، دۆخی ئابووری هاووڵاتییان کاریگەری لەسەر بازاڕەکەیان هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "بێگومان دۆخی خراپیی دارایی خەڵک کاریگەریی لەسەر بازاڕ هەیە بە گشتی، چونکە ئەگەر مووچە لە کاتی خۆیدا نەیەت ئەوا هاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و بازاڕ سست دەبێت بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر مانگانە مووچە لەکاتی خۆیدا بێت ئەوا بێگومان بازاڕ دەبووژێتەوە، پێشتر خەڵک دەهات ئەگەر داوای تەسبیحێکی نارجیلی دەکرد، ئێستا بەهۆی دۆخی داراییەوە جۆری پلاستیک دەبات، هەر بۆیەش پلاستیکەکە فرۆشی زۆرە".
هاوکات تەسبیحفرۆشێکی دیکە کە ماوەی ٣٣ ساڵە لە کوڵانی تەسبیحفرۆشانی باغی شار خەریکی کڕین و فرۆشتنە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی دۆخی داراییەوە بەراورد بە ساڵانی پێشوو بازاڕ خراپە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر مووچە نەبێت ئەوا خەڵکیش ناتوانێت خەرجی و پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات.
تەسبیحفرۆش، ئیسماعیل محەمەد لەبارەی خواستی هاووڵاتییان لە مانگی ڕەمەزاندا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەمووکات خەڵک تەسبیح بەکاردەهێنێت بەڵام لە مانگی ڕەمەزاندا زیاتر خواست لەسەر ١٠١ دەنکی هەیە چونکە موسڵمانان زیکری پێدەکەن و، هەندێکیان بە دیاری دەیدەن بەیەکتر".
ئیسماعیل محەمەد گوتیشی: "جۆرەکانی تەسبیح زۆرن بەڵام ئەوانەی لەم مانگە خواستی لەسەرە، ئەوا نرخی لە هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تا ٤٠ هەزار دینار، هەروەها سەندەلووسی ئەڵمانی هەیە نرخەکەی ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دینارە، هاوکات تەسبیحی قەزوانیش هەیە کە نرخەکەی تا ٣٠٠ دۆلارە".
ئەو تەسبیحفرۆشە باسی دۆخی دارایی هاووڵاتییان و کاریگەری لەسەر بازاڕ دەکات و گوتی: "بەراورد بە ساڵانی پێشوو، بازاڕ خراپە، بێگومان کە مووچە نەبێت ئەوا بازاڕ ڕادەوەستێت، پێشتر ساڵانە بە دەرزن تەسبیحمان دەفرۆشت لە مانگی ڕەمەزاندا، ئێستا ئەو خواستەی پێشتر کەم بووەتەوە و ئەمەش پەیوەندی بە دۆخی دارایی خەڵک هەیە".
مێژووی بەکارھێنانی تەسبیح زۆر کۆنە، دەنکەکانی لە تاشینی ماددەی ڕەق و بەردی جۆراوجۆر و دەنکی قەزوان دروست دەکرێت و بە داوێکەوە بەدوای یەکتر دەبەسترێنەوە و ژمارەی دەنکەکانی بەپێی جۆری تەسبیحەکە جیاوازیی هەیە، ئەم تەسبیحە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە بۆنەکان بەکاردێت و گرنگیی پێدەدرێت، هاوکات لە ڕووی ئاینییشەوە بۆ زیکرکردن و ستایشی خوا بەکاردەهێندرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن