شەوانی ڕەمەزان جۆرەها خواردن لە بازاڕی تەعجیل هەیە
کاسب، هاڕون شێروان: "ئێمە سەرنجمان داوەتە سەر برژاوەکان و شەوانە خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن، جیاوازی کەشی بازاڕەکە یەکێکە لە هۆکارەکانی قەڕەباڵغی، هەروەها لەم بازاڕە نرخەکانیش هەرزانترن بەراورد بە چێشتخانەکانی دیکە".

Arbil
هەولێر - AA
شەوانی مانگی ڕەمەزان تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ھاووڵاتییان بەشێوەیەکی جیاواز کاتەکانیان بەسەر دەبەن بە تایبەتی دوای بەربانگ بەھۆی کرانەوەی بازاڕەوە خەڵکێکی زۆر دەچێتە دەرەوە و تا پارشێو لە دەرەوە دەمێننەوە و پاشان دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
بازاڕی تەعجیل یەکێکە لەو شوێنانەی کە شەوانە هاووڵاتییان سەردانی دەکەن و کاتەکانییان لەوێ بەسەر دەبەن، بازاڕەکە بەشێوەیەکی کلاسیکی ماوەتەوە و یەکێکە لە بازاڕە کۆن و قەڕەباڵغەکانی هەولێر کە بەدرێژایی شەقامەکە جۆرەها خواردن لە دوکان و سەرشەقامەکان دەفرۆشرێن، لە پاڵ ئەوانەشدا لە چایخانەکان یارییەکانی دۆمینە و زەرف و سنی تا پارشێو بەڕێوەدەچێت.
یونس سابیر حامید ماوەی ٣٧ ساڵە لە بازاڕی تەعجیل کار دەکات و بەپێی وەرزە جیاوازەکان خواردن پێشکەشی میوانەکان دەکات، ئەو زیاتر باڵندە و پەلەوەڕەکان بۆ خواردن ئامادە دەکات و خەڵکێکی زۆر لە شوێنەکە کۆدەبنەوە بە تایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا بەشێکی زۆری سەردانیکاران تا درەنگ لەو بازاڕە دەمێننەوە، بە جۆرێک پارشێو دەخۆن ئینجا دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
کاسب، یونس سابیر حامید لەبارەی پیشەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من لە ساڵی ١٩٨٨ەوە لەم بازاڕە کار دەکەم، خواردنەکان بەپێی وەرزەکان دەگۆڕدرێن، بۆ نموونە لە وەرزی زستان زیاتر باڵندەکانی وەک پۆڕ، سووسکە، کەو و فڕوجی خۆمانە خواستی لەسەرە، ئێستا کە لەمانگی ڕەمەزانداین ئەو مانگەش تایبەتمەندی خۆی هەیە چونکە خەڵک تا پارشێو لێرە دەمێننەوە و خواردنیان بۆ ئامادە دەکەین".
یونس سابیر حامید گوتیشی: "پێشتر بەتەمەنەکان زیاتر دەهاتن، ئێستا گەنجەکان زیاتر دێن، ئێمە لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆیەوە لێرە دەبین تا پارشێو، هەموو ئەوانەی سەردانی ئەو بازاڕە دەکەن، موشتەری لەمێژینەن و شەوانی ڕەمەزان کاتەکانیان لێرە بەسەر دەبەن".
یونس سابیر حامید باسی لە سەرەتای دروستبوونی بازاڕەکە کرد و گوتی: "ساڵانی شەستەکان لەم شەقامە خەڵک یاری زەرف و سنیانێی کردووە، بەهۆی ئەوەی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی وەک کەرکووک و سلێمانی هاتوون بۆ ئەم یارییە و تا درەنگ ماونەتەوە و هەر لێرەش خواردنیان بۆ ئامادەکراوە، ئیتر کات بەسەربردن و خواردن لەم شەقامەدا بووەتە کولتوورێک و هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەمەزاندا ئەم کولتوورە نوێ دەکەینەوە و جۆرەها یاری لە چایخانەکان بەڕێوەدەچن".
هاوکات هاڕون شێروان کەبابچییەکی بازاڕەکەیە و بەشێوەیەکی بەردەوام خەریکی شیشکردنی کەباب و برژاندنیەتی و موشتەرییەکانیش لە چواردەوری ئاگرەکە کۆبوونەتەوە و هەر کەس چاوەڕوانی برژانی کەبابەکەیەتی.
کاسب، هاڕون شێروان لەبارەی پیشەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە مانگی ڕەمەزاندا زۆر ماندووین، چونکە جگە لەوانەی لێرە نان دەخۆن، هەروەها خواردنی سەفەریمان زۆرە و بە زەحمەت پێڕادەگەین چونکە دەبێت هەمووی بۆ بەربانگ ئامادە بکەین، دواتریش نیو کاتژمێرێک پشوو دەدەین و ناندەخۆین، دیسان دەست بەکارەکانمان دەکەین چونکە خەڵک کاتژمێرێک دوای بەربانگ دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕ".
هاڕون شێروان گوتیشی: "لێرە هەموو برژاوەکانمان هەیە، بابەتی باڵندە زیاتر لە وەرزی سەرما دەخورێت و ئێمە سەرنجمان داوەتە سەر برژاوەکان و شەوانە خەڵکێکی زۆر سەردانمان دەکەن، جیاوازی کەشی بازاڕەکە یەکێکە لە هۆکارەکانی قەڕەباڵغی، هەروەها لەم بازاڕە نرخەکانیش هەرزانترن بەراورد بە چێشتخانەکانی دیکە".
بازاڕی تەعجیل شەقامێکی کۆنە و یەکێکە لە بازاڕە دێرین و قەرەباڵغەکانی شاری ھەولێر و لە ناوەڕاستی گەڕەکی تەعجیل ھەڵکەوتووە کە یەکێکە لە گەڕەکە ھەرە کۆنەکان و بەوە ناسراوە کە جۆرەھا خواردنی لێ دەفرۆشرێت بەتایبەتی گۆشتی چەندین جۆر باڵندە، دوکانەکانیش لە مانگی ڕەمەزاندا تا پارشێو بەکراوەیی دەمێننەوە و بەشێک لە خەڵک لەم بازاڕەدا، پارشێو دەخۆن و کاتەکانیان لەم بازاڕەدا بەسەر دەبەن.
لەسەر شەقامەکانی ئەم بازاڕە، چەندین مەنقەلی گەورە بۆ بژراندنی گۆشت، کەباب، باڵی مریشک و چەندین جۆری دیکەی گۆشت دانراون و لە بەشێکی چێشتخانەکانیش چەندین مەنجەڵی گەورە دەبینرێت کە ھەریەکە و جۆرێک باڵندەی تیادا دەکوڵێت و ھاووڵاتییانیش لەسەر شۆستە و شەقامەکان دادەنیشن بۆ نانخواردن و کات بەسەربردن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن