Kasım İleri
04 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2023
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی مۆسکۆی نێوان تورکیا، رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتیان بەرامبەربە رژێمی بەشار ئەسەد نەگۆڕاوە و پشتیوانی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی وڵاتان ناکەن لەگەڵ ئەو رژێمەدا.
نێد پرایس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (MiT)، هاکان فیدان لەگەڵ وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو و وەزیری بەرگریی رژێمی ئەسەد، عەلی مەحمود عەباس و سەرۆکەکانی هەواڵگریی ئەو دوو وڵاتەدا لە مۆسکۆ.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس گوتی: ''تاکە شتێک کە دەیڵێم ئەوەیە سیاسەتمان نەگۆڕاوە. پشتیوانی لەو وڵاتانە ناکەین کە لە پێناو گەڕانەوەی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆری بێبەزەیی بۆ دۆخی پێشووی، پەیوەندییەکانیان چاک دەکەن یان پشتیوانی لێدەکەن. داوا لە دەوڵەتەکان دەکەین تۆماری مەترسیداری ١٢ ساڵی رابردووی مافەکانی مرۆڤ و رێگرییەکانی رژێمەکەی ئەسەد لە گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ گەلی سووریا لەبەرچاو بگرن، کە هێشتا بەردەوامە لە ستەمکردن لەو گەلە''.
نێد پرایس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی دیکەدا بەردەوام دەبێت لەسەر هەوڵەکان لە پێناو چارەسەرێکی سیاسیی درێژخایەن لە سووریادا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بوون و نەبوونی دیدار لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە گوتی: ''بەڕوونی بە هەموو هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان گوتووە کە کاتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نییە (لەگەڵ رژێمەکەی ئەسەد)، کاتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان نییە لەگەڵیدا و پێویستە وڵاتان سەرنج بدەن لە تۆماری مەترسیداری رژێمی ئەسەد لەبارەی مافەکانی مرۆڤ''.
لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، هەریەک لە وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی (MiT)، هاکان فیدان و وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگۆ و وەزیری بەرگریی سووریا، عەلی مەحمود عەباس و سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا، قەیرانی سووریا و کێشەی پەنابەران و بەرەنگاری هاوبەش دژبە هەموو ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانە تاوتوێ کراوە کە لە خاکی سووریادان.