Mehmet Burak Karacaoğlu
04 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2023
ئیدلب – AA
هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییە شۆڕشگێرەکان و ئۆپۆزسیۆنی سووریا (SMDK) بە جەختکردنەوە لەوەی کە تورکیا هاوپەیمانێکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی سووریە، ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ ئەوەدان کێشەکانی سووریا بە رێگای سیاسی چارەسەر بکرێن.
سەرۆکی هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییە شۆڕشگێرەکان و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، سالیم ئەل موسڵات؛ سەرۆکی لیژنەی دانوستانەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووری، بەدر جاموس و سەرۆکی حکوومەتی کاتی هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییە شۆڕشگێرەکان و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عەبدولڕەحمان موستەفا لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو کۆبوونەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە سالیم ئەل موسڵات راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە بە جەختکردنەوە لەوەی تورکیا هاوپەیمانێکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، هیوای خواست تورکیا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی تەواوی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا هاوشێوەی بڕیارەکانی ژمارەی ٢١١٨ و ٢٢٥٤.
موسڵات بە ئاماژەدان بەوەی کە رژێمی بەشار ئەسەد بۆ نەبردنە سەری بەڵێنەکانی هەڵوێستێکی هەڵخەڵەتێنەرانەی هەیە، گوتی: "ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی گەل دەیهەوێت پرۆسەی سیاسی لە سووریا کاری پێ بکرێت. قۆناغێکی نوێ بە پشتبەستن بە دادپەروەری و یەکسانی بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە دەست پێ بکات".
موسڵات سوپاسی تورکیا و تەواوی ئەو وڵاتانەی کردووە کە میوانداری پەنابەرانی سوورییان کردووە و نووسیوویەتی: "گەلی سووریا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنابەران پێداگیرە لە چارەسەری سیاسی. ئەوانەی دڵنیایی دەدەن لە گەڕانەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی بە شێوەیەکی ئاسایشپارێزراو، پێویستە ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر (لە سووریا) دروست بکەن".
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە مەولود چاوشئۆغڵو لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاوی کردەوە: "تاوتوێی دوا پێشهاتەکانی سووریامان کرد. جەختمان لەسەر پشتیوانییەکانمان بۆ گەل و ئۆپۆزسیۆنی سووریا کردەوە بۆ کارکردن بە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ بە تێکڕای دەنگ بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی پەسەند کرد. لە بڕیارەکەدا داوا کرا کە ئاگربەستی بەپەلە لە سووریا رابگەیەندرێت و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە دا دەست بە دانوستانە سیاسییەکان بکرێت، هەروەها لە ماوەی دوو ساڵدا "حکوومەتی یەکگرتوو" لە سووریا پێک بهێندرێت و دواتر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.