Sarmand Hameed
19 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2020
بەغدا - AA
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق رایگەیاند، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی کە حکوومەتی عێراق بەسەر ژمارەیەک تاوانباردا جێبەجێی کرد، رەت دەکاتەوە.
نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: "بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە تیرۆر لە گرتووخانەی ناوەندی ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار سزای لە سێدارەدان بەسەر ٢١ کەسدا سەپێنرا".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "یەکێتیی ئەورووپا زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە تاوانکارانانە دەکات کە بەهۆیەوە سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەنجامدەرانیدا دەسەپێنرێت و هاوخەمە لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی ئەو کردانەدا".
ئەوەش خراوەتەوە کە لە هەموو دۆخێکدا یەکێتیی ئەورووپا دژی بڕیاری سزای لەسێدارەدانە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، سزای لەسێدارەدان سزای توند و نا مرۆڤانەیە و هانی تاوان زیاتر دەکات و دژ بە کەرامەتی مرۆڤە.
لە راگەیەنراوەکەدا داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق کراوە رێگەبگرن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە داهاتوودا و راگرتنی سزای لەسێدارەدان رابگەیەنن و لە داهاتووشدا ئەو سزایە لە وڵاتەکەدا هەڵبوەشێننەوە".
رۆژی دووشەممەی رابردوو، پۆلیسی پارێزگای زیقار باشووری عێراق رایگەیاند، سزای لەسێدارەدان بەسەر ٢١ تۆمەتباردا لە بەندیخانەی ناوەندی ناسڕییە جێبەجێ کراوە.
وەک کاردانەیەوەک دژ بەوە هەنگاوە، کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان رابگرێت.
دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تیرۆر بەپێی ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدرێت و بەگوێرەی ئەو ماددەیە، هەرکەسێک کاری تیرۆریستی ئەنجام بدات و تاوانەکەی بەسەردا ساغ ببێتەوە ئەوا بە لەسێدارەدان سزا دەدرێت.
بەگوێرەی دەستووری عێراق، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان پێویستی بە پەسەندکردن هەیە لەلایەن سەرکۆمار و دواتر وەزارەتی داد سزاکە بەسەر تاوانباراندا جێبەجێ دەکات.