Mahmut Geldi
31 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2022
عەدەن - AA
ئەوە راگەیەندرا کە لە یەمەن لە ئاکامی ھێرشێکی حووسییەکان كه لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دهكرێن، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدار، ١١ سەرباز گیانیان لە دەستداوه و نۆ سەربازیش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوە تهندروستییهكانهوه دەستکەوتوون، حووسییەکان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدارەوە بنکەیەکی سەربازییان لە شارۆچکەی مەرەح ئەلسوفلای سەر بە شاری شەبوە لە باشووری رۆژھەڵاتی وڵاتەکە، کردووەتە ئامانج.
لە ئەنجامی ھێرشەکەدا، ١١ سەرباز گیانیان لەدەستداوە و نۆ سەربازیش برینداربوون. سەرجەم بریندارەکان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی ناوەندیی ئاتاک کراون و لایەنە تەندروستییەکان بانگەوازی خوێن بەخشینیان کردووە.
ھێشتا ھیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن حکوومەت و حووسییەکانەوە سەبارەت بە ھێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.
لە یەمەن کە ماوەیەکی دوورودرێژە ناسەقامگیریی سیاسی باڵی بەسەردا کێشاوە، پێکدادان لە نێوان حووسییەکان كه لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دهكرێن لهلایهك و ھێزەکانی سەر بە حکوومەت روودەدات.
حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤وە سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکیان کۆنترۆڵ کردووە. ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی، بە رابەرایەتی سعوودیە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا لە دژی حووسییەکان پاڵپشتیی حکوومەتی یەمەن دەکات.