Hamdi Yıldız
13 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2021
مەئریب - AA
ھاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە رایگەیاند کە لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشدا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بۆسەر چەکدارانی حووسیی لە پارێزگای مەئریب ناوەڕاستی یەمەن و کەناراوەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە، ٢١٥ چەکدار کوژراون.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی کە پشتیوانی لە حکوومەتی شەرعی یەمەن دەکات لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٥ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییان بۆسەر حووسییەکان لە پارێزگای مەئریب و سێ هێرشی دیکەیان کردووەتە سەر ئەو میلیشیایە لە کەناراوەکانی خۆرئاوای یەمەن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا لە مەئریب زیاتر لە ٢٠٠ چەکداری حووسیی کوژراون و لە کەناراوەکانی خۆرئاواش ١٥ چەکدار، هەروەها ٢٣ ئۆتۆمبێلی میلیشیاکان تێکشکێنراون.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو زانیاریەی ئاژانسی ھەواڵی سەبەئـ سەربە حووسییەکان بڵاوی کردووەتەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی ٢٥ ھێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر مەئریب، چوار هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی سراوح سەربە پارێزگای مەئریب و ٢١ هێرشی دیکەیان کردووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی وادی.
- جەنگی ناوخۆی یەمەن
لە کاتێکدا حووسییەکان لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ەوە کۆنترۆڵی سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکیان کردووە، ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥ەوە تا ئێستا دژبە حووسییەکان، پشتیوانی لە حکوومەتی یەمەن دەکەن.
لە ماوەی رابردوودا شەڕو پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە لە مەئریب و دەورووبەری چڕتر بۆتەوە کە یەکێکە لە قەڵا گرنگەکانی حکوومەت و دەوڵەمەندە بە یەدەگی نەوت و غاز.