Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2017
مەئرەب ــ AA
سەرچاوەیەكی سەربازی یەمەن رایگەیاند كە لە میانی شەڕ و پێكدادانێكی نێوان سوپای یەمەن و حووسییەكان لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ١٠ چەكداری حووسی كوژران.
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، چەكدارانی حووسی هێرشیان كردە سەر هێزەكانی سوپای یەمەن لە ناوچەی جەبەل هیلان سەربە شاری سرواح رۆژئاوای پارێزگای مەئرەب رۆژهەڵاتی وڵات".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە لە میانی هێرشەكەدا، شەڕ وپێكدادانێكی توند لە نێوان هەردوولادا رووی دا كە لە میاندا سوپای یەمەن هێرشەكەی حووسییەكان تێكشكاند.
سەرچاوەكە روونشی كردەوە كە لە ئاكامی هێرشەكە، ١٠ چەكداری حووسی كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون و لە بەرامبەردا سێ سەربازی سوپای یەمەن برینداربوون.
تا ئێستا سوپای یەمەن و حووسییەكان هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی ئەوەی سەرچاوەكە باسی لێوەكرد بڵاونەكردووەتەوە.