ھەولێر و پاریس رێککەوتننامەیەک واژوو دەکەن
ئەمڕۆ لە پاریس پایتەختی فەڕەنسا رێککەوتننامەی دۆستایەتی و ھاریکاری نێوان ھەردوو شاری پاریس و ھەولێر بە ئامادەبوونی شاندی ھەردوولا لە لایەن ھەریەک لە سەرۆکی شارەوانی پاریس، ئان ھیدالگۆ و پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی واژوو کرا.
Arbil
هەولێر - AA
ئەمڕۆ لە پاریس پایتەختی فەڕەنسا رێککەوتننامەی دۆستایەتی و ھاریکاری نێوان ھەردوو شاری پاریس و ھەولێر بە ئامادەبوونی شاندی ھەردوولا لە لایەن ھەریەک لە سەرۆکی شارەوانی پاریس، ئان ھیدالگۆ و پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی واژوو کرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای ھەولێر، بەمەبەستی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو شار بۆ دەوڵەمەندکردنی خاڵە ھاوبەشەکانی نێوان ھاووڵاتییانی ھەردوولا و گۆڕینەوەی ئەزموونی ھەمەجۆر و پێکەوەکارکردن لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتننامەیە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشترو گونجاوتر بۆ ھاووڵاتییانی ھەردوولا ئەم رێککەوتننامەیەیان واژوو کردووە.
ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکە لە شەش بەند پێکھاتووە کە بریتییە لە:
بەندی یەکەم: چەند بوارو پسپۆڕییەک دەگرێتەوە، وەک رێگاکانی ھاتوچۆ و گەیاندن و ماستەر پلان و نەخشەسازی شارو پاراستنی شوێنەواری مێژوویی و بەرەوپێشبردنی لایەنی ئابووری و گەشتوگوزار و ئاڵوگۆڕی کولتووری و وەرزشی و چۆنیەتی بەرێوەبردن و چارەسەری خۆڵ وخاشاک و پاراستنی سروشت و برەودان بە بواری کشتوکاڵ.
بەندی دووەم: ھەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی کاری ھاوبەش دەدەن لە رێگەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی و فێرکاری و کارگێری و تەکنیکی لە بوارەکانی ئاماژە پێکراو لە بەندی یەکەم.
بەندی سێیەم: ئەم رێککەوتننامەیە فراوانتر دەکرێت بە پێی خواستی ھەردوولا لە تێکڕای بوارەکان کە لە بەندی یەکەمدا ئاماژەیان پێکراوە.
بەندی چوارەم: رێککەوتن کرا لەسەر بنەماکانی میوانداریکردن لە نێوان شاندەکانی ھەردوولا کە لەسەر پرەنسیپێکی گونجاو رێکەوتوون و دەبێتە بنەما بۆ ھەموو شاندەکان.
بەندی پێنجەم: بەشی پەیوەندییەکانی ھەردوو لا چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتننامەیە دەکەن و پرۆگرامی ھاوبەش دادەنێن بە پشت بەستن بەم رێککەوتننامەیە و لە رێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و کونسولگەرێتی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان.
بەندی شەشەم: پسپۆڕانی کارگێری ھەردوولا ھاوکاری خۆیان پێشکەشی بەرێوەبەرایەتییەکان دەکەن کە ھەڵدەستن بۆ پێکھێنان و داڕشتنی ستراتیژییەت بۆ ھەر یەک لە پسپۆڕییەکانی کە لەم رێکەوتننامەیەدا ھاتووە.
و رێککەوتننامەکە لە لایەن سەرۆکی شارەوانی پاریس، ئان ھیدالگۆ و پارێزگاری ھەولێر، نەوزاد ھادی واژوو کراوە.