سياسەت, جيهان

ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک خاڵی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین-یان لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد.

Zeynep Tüfekçi Gülay  | 17.05.2021 - نوێکردنەوە : 18.05.2021
ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە

Gazze

غەززە ــ AA

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەچڕی ھێرشیانکردە سەر ژمارەیەک ناوچە لە کەرتی غەززە.

پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە ھێرشەکانی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر ژمارەیەک ناوچە لە باشوور و رۆژئاوا شاری غەززە و باکوور، باشوور و ناوەڕاستی کەرتی غەززە ئەنجامدراون.

ھاوکات شایەتحاڵەکان رایانگەیاندووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە میانی ھێرشەکانیاندا، ژمارەیەک خاڵی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین و رووبەری کشتوکاڵییان بۆردومان کردووە.

ئاماژەیان بەوەیشداوە کە بەھۆی بۆردومانەکانەوە، ژمارەیەک بارەگای ئەمنی لە باشوور و رۆژئاوای شاری غەززە خاپوورکراون و باسیان لەوەشکردووە کە ھەر لە ئاکامی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، زیان بەر ژمارەیەک خانوو، باڵەخانەی نیشتەجێبوون و شەقام کەوتووە، ھەروەھا تەزووی کارەبا لەو ناوچانەی کە بۆردومانکراون بچڕاوە.

لە لایەکی دیکەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو و شایەتحاڵەکان رایانگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک زەوی کشتوکاڵییان لە رۆژھەڵاتی شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە کردووەتەئامانج.

تا ئێستا، ھیچ ئامارێک سەبارەت بە ژمارەی قوربانییانی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بڵاونەکراوەتەوە.

لە ١٠ی ئەم مانگەوە، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کردووە و لە بەرامبەردا، گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین لە وەڵامی ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیل، مووشەکیان ئاراستەی ژمارەیەک شاری ئیسرائیل کردووە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا لە ئەنجامی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون، گەیشتووەتە ١٩٧ کەس کە ٥٨یان منداڵن و ٣٤یان ئافرەتن و ھەزار و ٢٣٥ کەس برینداربوون، هەروەها ٢١ کەس لە کەناری رۆژئاوا کوژراون و سەدانی دیکەیش برینداربوون.

لە بەرامبەردا لە ئاکامی ئاراستەکردنی مووشەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین بۆسەر ژمارەیەک ناوچەی ئیسرائیل تا ئێستا، ١٠ ئیسرائیلی کوژراون و سەدانی دیکەیش برینداربوون.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın