Mazın Asad
21 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2017
قودس - AA
سوپای ئیسرائیل ھێرشێکی موشەکی بۆ سەر سووریا ئەنجامدا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە دوو موشەک لە سووریاوە ئاراستەی وڵاتەکەی کراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، دوو گوللە ھاوەن لە سووریاوە ئاراستەی بەرزاییەکانی گۆلان کراوە، بەڵام ھیچ قوربانی و برینداری لێ نەکەوتووە و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە موشەک ھێرشی بۆ سەر سووریا ئەنجام داوە.
سوپای ئیسرائیل ھیچ زانیارییەکی لەسەر ھێرشەکەی سەر سووریا بڵاو نەکردووە و میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە کە بە ھاوەن ھێرشەکە ئەنجام دراوە.
سوپای ئیسرائیل مانگی رابردووش ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند خاڵێک لە سووریا ئاشکرا کردبوو و سوپای سووریاش رایگەیاندبوو کە فڕۆکەیەکی ئیسرائیلیان خستووەتە خوارەوە و ھێرشیان بۆ سەر فڕۆکەیەکی دیکەش کردووە. دواتر سوپای ئیسرائیل زانیاری سوپای سووریاش بەدرۆخستبووەوە و رایگەیاندبوو کە فڕۆکەی ئیسرائیل ھیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە.
ئیسرائیل لە وەتەی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، ئاماژە بەوە دەکات کە لە سووریا و بەرزاییەکانی گولانەوە موشەک ئاراستەی وڵاتەکەی دەکرێت و بەھۆیەوە ناو ناو ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ھێزەکانی حزبوڵڵا و رژێمی سوووریا لەو وڵاتە ئەنجام دەدات.