Zana Natık Kerem
21 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2018
ریاز ــ AA
بەرپرسێکی سعوودی ھۆکاری مردنی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقچی ئاشکرا کرد و رایگەیاند "مردنی جەمال خاشقچی بە ھۆی دەمگرتن و ھەڵەیەکەوە بووە، لەلایەن تیمی دانوستانکار کە دەسەڵاتەکانی خۆیان تێپەڕاندووە و، توندوتیژییان بەکارھێناوە".
بە پێی میدیاکان، ئەو بەرپرسەی سعوودیە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی رۆیتەرز ئەوەشی ئاشکراکردووە کە جەمال خاشقچی لە کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە ئەنجامی ھەڵەیەکی تیمی دانوستانکار مردووە و گوتی: "بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، جەمال خاشقچی کاتێک ویستوویەتی لەناو کۆنسوڵخانە دەنگ بەرزبکاتەوە، بەڵام تیمی دانوستانکار لەناو کۆنسوڵخانە دەمی جەمال خاشقچییان گرتبوو و بە ھۆیەوە مردووە".
بەرپرسەکەی سعوودیە ئاماژەی بەوەشداوە کە شڵەژانی تیمی دانوستانکار لەگەڵ جەمال خاشقچی وایلێکردوون کە رووداوی مردنەکەی دابپۆشن.
بەرپرسەکە گووتیشی: "تیمی دانوستانکار لەگەڵ جەمال خاشقچی فەرمانەکانیان پێشێلکردووە و راپۆرتی سەرەتایی راست نەبووە و ئەوەش وایکردووە لێکۆڵینەوەی تێدابکەین".
ئەو بەرپرسەی سعوودیە باسی لەوەشکرد کە ١٨ تۆمەتبار لەو پرسە دەستگیرکراون و لە ئێستادا لەژێر لێکۆلێنەوەدان.
دوێنێ شەممە سعوودیە دانی بەوەدانابوو، جەمال خاشقچی کە لە ٢ی ئەم مانگەوە دوای ئەوەی چووە کۆنسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ بێ سەروشوێن بووە، رایگەیاند "لە ئاکامی شەڕکردن لە کۆنسوڵخانە گیانی لەدەستداوە"، بەڵام باسی لەوە نەکرد کە چۆن چۆنی مردووە".
ھەر بەو ھۆیەوە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود، ژمارەیەک گەورە بەرپرسی وڵاتەکەی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە لەوانە جێگری سەرۆکی ھەواڵگری، ئەحمەد عەسیری و راوێژکاری دیوانی شاھانە، سعوود بن عەبدوڵڵا قەحتانی و بڕیاریدا لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بۆ دووبارە رێکخستنەوەی کارەکانی ھەواڵگری گشتی پێکبھێنێت.