جيهان

گەنجێکی بەندکراوی سەردەمی ڕژێمی ئەسەد: "ھێشتا کاریگەرییەکانی ئەشکەنجەدان لە گرتووخانەکانی ئەسەد لە جەستەمدا ماوەن"

Muhammed Karabacak, Mohammad Kara Maryam  | 08.12.2025 - نوێکردنەوە : 08.12.2025
گەنجێکی بەندکراوی سەردەمی ڕژێمی ئەسەد: "ھێشتا کاریگەرییەکانی ئەشکەنجەدان لە گرتووخانەکانی ئەسەد لە جەستەمدا ماوەن"

Damascus

دیمەشق ــ AA

گەنجێکی سووریا بە ناوی، عەمار دۆغموش وردەکاریی ئەشکەنجەدانی خۆی لە گرتووخانەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد گێڕایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ھێشتا کاریگەریییەکانی ئەشکەنجەدانەکان بە جەستەیەوە ماون، سەرەڕای ئەوەی ساڵێک بەسەر ئازادبوونی لە گرتووخانەی سیدنایا لە ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمەکەدا، تێپەڕدەبێت.

عەممار دۆغموش لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە ناتوانێت لە بیرەوەریی ئەو ئەشکەنجەدانە ڕزگار بێت کە لە ماوەی ساڵانی بەندکردنیاندا لە چەندین گرتووخانەدا لە سەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد دا ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەتایبەتی گرتووخانەی سیدنایا کە ئەو کات بەدناوبانگ و ترسناکترین گرتووخانە بوو لە سووریا.

ئاماژەی بەوەدا کە پێش ئەوەی لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە بۆسەیەکی ئەمنیدا دەستگیر بکرێت، غوتەی ڕۆژھەڵاتی سەربە دیمەشقی پایتەخت لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوەوە گەمارۆدرابوو.

ڕوونیشیکردەوە کە دوای دەستگیرکردنەکەی گواستراوەتەوە بۆ یەکەی ھێزی تایبەتی سەربە دەزگای ھەواڵگریی ھێزی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی سەربازیی مزە لە دیمەشق و دواتر لەوێ بۆ ماوەی ھەفتەیەک لە ژوورێکی زیندانی تاکەکەسیدا دانرابوو و گوتی: "ئەو ڕۆژە سەرەتای بەشێکی نوێ نەبوو لە ژیانم، بەڵکو ھەموو مانایەک دەرگای کارەساتی بە ڕووی مندا کردەوە".

ھەروەھا عەممار دۆغموش دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنی لە "بەشی ئەمنی ٢٤٨"، دەگوازرێتەوە بۆ گرتووخانەی سیدنایا و ڕایگەیاند کە لەگەڵ ١٤٥ دەستگیرکراودا لەناو بارھەڵگرێکی ساردکەرەوەی تایبەت بە گۆشت گواستراونەتەوە بۆ گرتووخانەی سیدنایا و لەگەڵ گەیشتنیان بۆ گرتووخانەکە، دەستبەجێ ئەشکەنجە دراون.

عەممار دۆغموش ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ئەشکەنجەدانی ئەوە لە گرتووخانەی مزە دەستی پێکردبوو، چونکە ئەو ڕەتی کردبووەیەوە دان بەو تۆمەتانەدا نانێت کە ئاراستەی کرابوون و باسی لەوەش کرد کە ئەو کات لێکۆڵەرەوەکە ھەڕەشەی لێکردووە گوتوویەتی: "ئەگەر دان بە تاوانەکەدا بنێت یان نەنێت، ھیچ شتێک ناگۆڕێت، ئەو تۆمەتەی کە دەمەوێت لە دژی تۆ دەینووسم".

ڕاشیگەیاند، ئەو ئەشکەنجەیەی کە لە کۆتاییدا نەیتوانیوە بەرگەی بگرێت، ناچاری کردووە دان بەوەدا بنێت کە چەکدار بووە، سەرەڕای ئەوەی بۆ چەندین جاری نکۆڵی لێکردبوو.

عەممار دۆغموش باسی لەوەش کرد، ئەو ژوورەی کە ئەو تیایدا بەندکرابوو، دوو مەتر و نیو بە پێنج مەتر بوو، بە شێوەیەکی ئاسایی ژوورەکە جێگای ٦٠ کەس تیایدا دبوووە، بەڵام ١٢٠ دەستگیرکراوی تیایدابوو".

گوتشی: "ئێمە لەسەر یەکتر دەخەوتین بە شێوازێک کە پێمان دەگوت کۆکردنەوە، وەک تفەنگی ڕیزکراو، کاتێک بەخەبەر دەھاتین، لەنێوماندا ئەو کەسانەمان دەبینی کە بەھۆی خنکانەوە گیانیان لەدەستداوە".

ئاماژەی بەوەشدا، کە کوژاندنى ئامێری ھەواگۆڕکێ لەناو ژوورەکانی گرتووخانەکەدا، یەکێکە لە توندترین شێوازەکانی ئەشکەنجەدان بوو، بەو پێیەی ھەندێک لە ژوورەکانی ناو گرتووخانەکە لەژێر زەوی دروست کرابوون و ھیچ سەرچاوەیەکی ھەوایان نەبووە، گوتی: "کاتێک بە ئەنقەست لەلایەن پاسەوانانی زیندانەوە تەنھا بۆ چەند خولەکێک ھەواگۆڕکێ لەناو ژوورەکاندا بە ئەنقەست دەکوژێندرانەوە، ھەواکە بە خێرایی تەواو دەبوو و ھەمووان تووشی خنکان دەبوون".

ھەروەھا باسی لەوە کرد کە کاتێک لە گرتووخانەی سیدنایا بوو، چەندین پەتا و نەخۆشی قورس لەنێو دەستگیرکراوەکاندا بەھۆی نەبوونی دەرمان و چاودێری پزیشکی بڵاوببوونەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەھۆی بەرزی پلەی گەرما و نەبوونی چارەسەرەوە گیانیان لەدەستداوە.

ڕاشیگەیاند کە دەستگیرکراوەکان لەگەڵ گەیشتنیان بۆ گرتووخانەی سیدنایا، ناچاردەبوون جلوبەرگەکانیان لاببەن و لەسەر زەوی بکەونە سەر ئەژنۆ، پێش ئەوەی لەلایەن پاسەوانانەوە ئەشکەنجە بدرێن و سووکایەتییان پێ بکرێن.

ھەروەھا ئاماژەی بە شێوازێکی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکانی ناو گرتووخانە کرد و ڕایگەیاند کە یەکێک لە شێوازەکانی ئەشکەنجەدانی ناو گرتووخانەکە، بریتی بوو لە لێدانی بەکۆمەڵ و چەندین جار لەژێر پێی دەستگیرکراوەکان دەدرا و ئەشکەنجەدانە ڕۆژانە ڕووی دەدا.

ھەروەھا باسی لەوە کرد کە ژمارەیەک کەسی بەساڵاچووی ناو گرتووخانەکەدا لەلایەن یەکێک لە پاسەوانەکانەوە بە ناوی "ئەبو یەعقوب" ئەشکەنجە دراون و بەدەم ئەشکەنجەدانەوە دەیگوت: "ئەگەر منداڵەکانتان باش پەروەردە بکردایە، وڵات نەدەگەیشت بەم دۆخە".

- ڕۆژی ئازادی

عەممار دۆغموش نزیکەی پێنج ساڵ لە گرتووخانەی سیدنایا بەندکرابوو، بەر لەوەی لە ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئازادی بەدەست بھێنێتەوە و ڕایگەیاند کە تا لە ژیاندا مابێت، ئەو ڕۆژە لەبیر ناکات.

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو شەوە کرد کە دەستگیرکراوەکان گوێیان لە دەنگی پێکدادان و تەقەکردن بووە و دواتر بێدەنگییەکی تەواویان ھەبوو، پێش ئەوەی بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند ساڵێکدا گوێیان لە دەنگی ژن و منداڵ بێت، پاشان بانگەوازکردن کە داوایان لە دەستگیرکراوەکان دەکرد وەڵام بدەنەوە.

گوتیشی: "ئێمە نەماندەوێرا وەڵام بدەینەوە، وامانزانی تەڵەیە، بەڵام یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە دەرگاکەوە سەیری کرد و گوتی'ئەوانەی لە دەرەوە وەستاون شۆڕشگێڕان و ھاتوون بۆ ئازادکردنی دەستگیراوەکانی ناو گرتووخانەکە".

باسی لەوەش کرد کە لەو کاتەدا دەنگی تەکبیر لە بەشەکانی ناو گرتووخانەکە، بەرز بووەوە و یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بانگی دا کە ئەوەش یەکەم جار بوو نوێژی بە کۆمەڵ بکەن و گوتی: "ئەو ڕۆژە، ھەستم کرد کە دوایین کۆت و زنجیرمان شکاندووە".

-"کاتێک لە گرتووخانە دەرچووم، دۆخی سووریا گۆڕابوو"

عەممار دۆغموش باسی لەوەش کرد کە کاتێک لە گرتووخانە دەرچووە ھەستی کردووە دۆخەکە گۆڕاوە و ڕێگای چوونە دەرەوەی گرتووخانەکە، پڕ بوولە خەڵک کە بەدوای کەسوکاریاندا دەگەڕێن و گوتی: "ئەو ڕۆژە تووشی شۆکبووم و دوو ڕۆژ نەمتوانی نان بخۆم".

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە درێژایی ئەو ساڵانەی لە گرتووخانەدابوو، خەونی بە بینینی کچەکەیەوە دەبینی و گوتی: "کاتێک بینیم بەرەو ڕووم ڕادەکات، ھێزم نەما و کەوتمە سەر ئەژنۆم، ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر گریان، و ئەو ڕۆژە بۆ من وەک ساتێکی لەدایکبوونەوە بوو".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın