Dildar Baykan
05 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن - AA
گوتەبێژى كۆشكى سپى، كایڵێ ماكێنانی، ئاشكرایكرد ئەم بەيانييە ئەنجامى پشكنينى (COVID-19)ی پۆزەتيڤ بووه و خۆى كەرەنتين كردووە.
لە دواى تووشبوونى سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ بە ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ، ئەنجامه پۆزهتیڤهكانی پشكنين لە نێو كارمەندانى كۆشكى سپى روو لە هەڵكشانە.
كایڵێ ماكێنانی لە راگەيەنراوێكدا ئاشكرایكرد، لە رۆژى پێنجشەممەوە بە بەردەوامى پشكنينى كردووە و تا ئهمڕۆ ئێستا هەر نێگهتیڤ بووه و رایگهیاندووه، "نيشانەكانى هيچ نەخۆشييەكەم نييە، بەڵام سەر لە بەيانى رۆژى دووشەممە پشكنينى (COVID-19)م ئەنجامدا و ئەنجامەكەى پۆزەتيڤ بوو".
ماكێنانی ئەوەشى راگەياند كە بە گوێرەى يەكەى تەندروستيى كۆشكى سپى، هيچ رۆژنامەنووسێك لە ليستى ئەوانەدا نين كە بەركەوتەيان لەگەڵيدا هەبووە و جەختى لەوە كردەوە كە لە كاتى كۆنگرە رۆژنامەنوسييەكەى رۆژى پێنجشەممەدا زانيارى لەسەر تووشبوونى راوێژكارى دۆناڵد ترەمپ بە ڤايرۆسى كۆرۆنا نەبووە.
راشیگهیاندووه: "لەگەڵ دەرچوونى ئەنجامى پشكنينەكەم كه پۆزهتیڤه، دەچمە كەرەنتين و لە دوورەوە كارەكانم بەڕێوەدەبەم".