Şerife Çetin
29 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2023
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس رایگەیاند: "داوا لە کۆمەڵەی گشتی دەکەم کە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی نوێ دروست بکرێت بۆ ئاشکراکردنی شوێن و چارەنووسی بێسەروشوێنانی سووریا و یارمەتیدانی کەسوکاری قوربانییان".
گوتیرێس لە میانی دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رەوشی بێسەروشوێنانی سووریادا، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر "ساڕێژبوونی زامەکان"ی گەلی سووریا و دەستەبەرکردنی ئاشتی لەو وڵاتە، بەرپرسیارییەتی هەیە، ئاماژەی بەوەشدا کە خێزانەکانی سووریا لە هەموو چین و توێژەکان، کەسانی بێسەروشوێنیان هەیە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەشی خستەڕوو کە هەندێک کەس رفێندراون، دەستگیرکراون، ئەشکەنجەدراون و بەبێ هۆکار بەندکراون و زۆرینەی ئەم کەسانەش لە رەگەزی نێرن.
گوتیرێس جەختی لەوەش کردەوە کە رەوشەکە پێویستی بە پەلەکردن هەیە و گوتی: "نزیکەی ١٠٠ هەزار هاووڵاتی سووریا چارەنووسیان نادیارە. ئەمە رەوشێکی جەرگبڕە و پێویستە بەخێرایی بکەوینەخۆ بۆ چارەسەرکردنی".
وەک پێشنیازێکیش ناوبراو رایگەیاند: "داوا لە کۆمەڵەی گشتیی دەکەم کە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی نوێ دروست بکرێت بۆ ئاشکراکردنی شوێن و چارەنووسی بێسەروشوێنانی سووریا و یارمەتیدانی کەسوکاری قوربانییان".
گوتیرێس، هەروەها داوای لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کرد، پێکەوە هەماهەنگی بکەن و ئەم کارەشی وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ناوبرد.