Muhammet Ali Kemal
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2017
ئاستانا- AA
وەزیری دەرەوەی کازاخستان، کایرات عەبدرەحمانۆڤ، لەگەڵ نوێنەرانی هەریەک لەرژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، کە بەمەبەستی بەشدارییکردن لەدانوستانەکاندا سەبارەت بە قەیرانی وڵاتەکەیان، لە ئاستانان، کۆبوویەوە.
بەپێی ئەو روونکردنەوەیەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی کازاخستانەوە بڵاوکراوەتەوە، کایرات عەبدرەحمانۆڤ چاوی بە نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری رژێم بۆ کۆبوونەوەکانی ئاستانا، بەشار جەعفەری، کەوتووە.
عەبدرەحمانۆڤ ئاشکرایکردووە ئەو کۆبوونەوانەی بڕیارە لەنێوان نوێنەرانی رژێم و ئۆپۆزسیۆندا بەڕێوەبچن، هەنگاوێكی گرنگ دەبن بۆ خولی داهاتووی دانوستانەکنی جنێڤ کە لەژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، سازدەکرێن.
وەزیری دەرەوەی کازاخستان جەختی لەوەکردووەتەوە، کە بەمەبەستی ئاسانکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەگەلی سووریا و دەستەبەرکردنی هاوکاریی پێویست بۆیان، حکوومەتی ئاستانا هەوڵی تەواوی داوە و سەرکۆماری ئەو وڵاتە، نورسوڵتان نازارباێڤ، بەردەوام دەبێت لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی لەپێناو ئاگربەست لەسووریا و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیی بۆ قەیرانی ئەو وڵاتە.
لە کۆبوونەوەیەشدا کە لەگەڵ نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن سازیکرد، کایرات عەبدرەحمانۆڤ، تاوتوێی ئامادەکاریی کۆبوونەوەکانی ئاستانا کرا.
سەرۆکی هەریەک لەشاندی رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆن، لەکۆبوونەوەکاندا سوپاسی کازاخستانیان کرد کە رۆڵ دەبینێت لە کۆتاییهێنان بە پێکدادانی چەکداریی لە سووریا لەرێگەی گفتوگۆ و ئاشتییەوە.
چاوەڕواندەکرێت کۆبوونەوەکانی ئاستانا لەنێوان نوێنەرانی رژێم و ئۆپۆزسیۆندا ئەمڕۆ دەستپێبکات و دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە کۆتاییبێت. هەروەها بڕیارە کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی داخراو بەرووی میدیاکاندا بەڕێوەبچن و نوێنەرانی هەریەک لە وڵاتانی تورکیا، رووسیا، ئێران، ئەمریکا و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستیفان دیمستورا بەشداریی لەکۆبوونەوەکاندا بکەن.