Qais Omar Darwesh Omar
24 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2022
نابلوس – AA
دوو فەڵەستینی کە لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیل لە شاری نابلوس باکووری کەناری رۆژئاوای داگیرکراو برینداربوو بوون، گیانیان لەدەست دا.
مانگی سووری فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە تیمەکانیان هەوڵیان داوە فریاگوزاری سەرەتایی پێشکەشی ئەو هەشت فەڵەستینیە بکەن کە لە ناوچەی نابلوسی دێرین لە ئاکامی تەقەی سەربازانی ئیسرائیل برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە دوو لە بریندارەکان بە ناوەکانی عەبود سوبح تەمەن ٢٩ ساڵ و محەمەد عەزیزی تەمەن ٢٢ ساڵ گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە سەربازانی ئیسرائیل ناوچەی نابلوسی دێرینیان گەمارۆ داوە و رێگە نادەن بە تیمەکانی تەندروستی و فەڵەستینییەکان لە ماڵەکانیان نزیک ببنەوە.
شایەتحاڵان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیان کوتاوەتە سەر ناوچەی نابلوسی دێرین و لە ئاکامی گەمارۆدانی ماڵێکی فەڵەستینییەکاندا رووداوەکە هاتووەتە ئارا.
شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە سەربازانی ئیسرائیل گولـلە و بۆمبی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە، دەنگی تەقینەوە لە ناوچەکە بیستراوە و لە ژمارەیەک ناوچەی شارەکە بەریەککەوتن روویداوە.
هێزەکانی ئیسرائیل بە پاساوی جیا جیا زوو زوو هەڵدەکوتنە سەر ماڵی فەڵەستینییەکان لە قودسی رۆژهەڵات و کەناری رۆژئاوای داگیرکراو.
بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێزەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای ٢٠٢٢ەوە تا ٢٦ی حوزەیران، نزیکەی هەزار و ٦٠٠ جار هەڵیان کوتاوەتە سەر خاکی فەڵەستینییەکان.
لە میانی ئەو هەڵکوتانە سەرانەیشدا، ٦٠ فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی شەش هەزاری دیکەیش برینداربوون.