جيهان, ژيان

کورتەباڵاترین پیاوی جیھان لە ڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵو سڵاوی بۆ باڵابەرزترین پیاوی جیھان لە ماردین نارد

کورتەباڵاترین پیاوی جیھان ئەفشین قادرزادە کە ھاووڵاتی ئێرانە لە ڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵویەوە سڵاوی نارد بۆ باڵابەرزترین پیاوی جیھان، سووڵتان کۆسە کە لە ماردینی تورکیایە.

Abdulhameed Husseın Karam  | 21.08.2023 - نوێکردنەوە : 27.08.2023
کورتەباڵاترین پیاوی جیھان لە ڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵو سڵاوی بۆ باڵابەرزترین پیاوی جیھان لە ماردین نارد

Arbil

ھەولێر - AA

کورتەباڵاترین پیاوی جیھان ئەفشین قادرزادە کە بە "محەممەد قادرزادە"ش دەناسرێت، جگە لە باڵاکەی بە هۆی دەم بە پێکەنین و زمان خۆشییەکەی خۆشەویستە.

ئەو لە دایکبووی گوندی خوڕخوڕەی بۆکان پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێرانە و لە ڕێگەی ئاژانسی ئانادۆڵو سڵاوی بۆ باڵابەرزترین پیاوی جیھان، سووڵتان کۆسە نارد و گوتی: "دەمەوێت بە زۆترین کات بە دیداری تو شادببمەوە".

ئەم گەنجە کورتەباڵایە تەمەنی ٢٢ ساڵە، باڵای ٦٥،٢٤ سانتیمەترە و کێشی شەش کیلۆ و ٥٠٠ گرام-ە، ئەمەش وایکرد لە ساڵی ٢٠٢١ وەک کورتەباڵاترین پیاوی جیھان بناسێندرێت و ناوی لە کتێبی 'گینس' تۆمار بکرێت.

ئەو بەهۆی دۆخی تایبەت بە خۆیەوە نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە بەڵام ئێستا حەزی لە خوێندنە و مامۆستایەکی تایبەت لە ماڵەوە یارمەتیدەری دەبێت. ئەفشین ئەمساڵ یەکەم ساڵە کە دەستی بە خوێندن کردووە.

ئەفشین متمانەیەکی تەواوی بە خۆی هەیە و لەگەڵ ئەوەی تەندروستی باشە، زۆریش بە دڵخۆشییەوە سەما دەکات. کورتەباڵایی ئەو ڕێگری لە حەزەکانی نەکردووە و ئاواتی فێربوونی لێخوڕینی ئوتۆمبێلە و دەیەوێت لە داھاتوودا ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە خۆی هەبێت.

ئەو تاقانەی ماڵەکەیانە و دایک و باوکی ئەفشین زۆر خۆشحاڵن بەبوونی کۆڕەکەیان و زۆریش بە ھەست و حەزەوە منداڵەکەیان پەروەردە دەکەن، بەجۆرێک ئەگەر ئەفشین بۆ ھەر شوێنک بچێت چ بە سەفەر چ بۆ بەشداریکردن لە بەرنامە یا فیلمێک ھەردووکیان لەگەڵی دەبن.

کورتەباڵاترین پیاوی جیھان ئەفشین قادرزادە دەڵێت: "پێم خۆشە بۆ ھەموو دنیا سەفەر بکەم بەتایبەتی ھەندێ وڵاتم زۆر خۆشدەوێت و دەمەوێت بۆ سەفەر بچم بۆ ئەو وڵاتانە لەوانەش تورکیا، ئیسپانیا، رووسیا، ئەمریکا و بەریتانیا و چین-یش و لە ھەموووی زیاتر دەمەوێت لە سەفەرەکەی خۆم لە تورکیا بچم بۆ ئیستانبوڵ".

قادرزادە زیاتر باسی لە حەز و ئارەزووەکانی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کردەوە و گوتی: "من ئەو ئاواتەشم ھەیە کە بتوانم رۆژێک سەرۆک بارزانی ببینم و وێنەیەکی یادگاری لەگەڵی بکێشم".

کورتەباڵاترین پیاوی جیھان ئاواتەخوازە سووڵتان کۆسە کە ھەڵگری ڕیکۆردی گینسی باڵابەرزترین پیاوی جیھانە بە ھەبوونی باڵایەکی ٢٥١سم ببینێت. لەم بارەیەوە دەڵێت: "زۆرم پێ خۆشە و ھیوادەخوازم سووڵتان ببینم. ھەر لێرەوە لە ڕێگەی ئێوەوە سڵاو لە سووڵتان دەکەم. سڵاو سووڵتان. ئینشائەڵڵا دێم و بە دیداری جەنابت شاد دەبمەوە".

ئەفشین ھەر لە درێژی قسەکانیدا ڕایگەیاند دووجار ناوی لە کتێبی گینس-ەوە تۆمار کراوە جارێک بەوەی کە کورتەباڵاترین پیاوی جیھانە و جارێکیش بەوەی کە بچووکترین دەست و قامکی ھەیە لە جیھاندا.

ئەفشین قادرزادە لە کۆتاییدا باسی لەوەی کردەوە کە ئەو بەشداری لە کورتە فیلمێک دەکات بە ناوی ئایفۆن ١٤ و بە شانازییەوە دەڵێت کە ڕۆڵی سەرەکی لەو فیلمەدا دەگێڕێت. ئەم فیلمە بەشێکی لە ئێران وێنەگیراوە و بەشێکیشی لە ھەرێمی کوردستان. لە چیرۆکی فیلمەکەدا ئەو ھەرچەند کورتەباڵایە، بەڵام وەک پیاوێکی گەورە بە ھانای ماڵباتەکەیەوە دەچێت و لە ھەژاری ڕزگاریان دەکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن