جيهان

کرملین: "دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ بکرێت"

Ali Cura  | 25.03.2024 - نوێکردنەوە : 26.03.2024
کرملین: "دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ بکرێت"

Moskova

مۆسکۆ - AA

گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسكۆڤ ئاماژەی بەوە کرد لێکۆڵینەوە لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ بەردەوامە و، پێویستە چاوەڕوانی ئەو زانیارییە بکرێت کە لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساوە لە بارەی ئەو ڕێکخراوەی هێرشەکەی ئەنجامداوە بڵاودەکرێتەوە.

پێسكۆڤ وەڵامی پرسیارێکی دایەوە لە بارەی ئەوەی بەرپرسانی ڕووسیا باسیان لە ئەگەری ئەوە نەکردووە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشەکەی سەر هۆڵی شارەوانی کرۆکوسی لە مۆسکۆ ئەنجام دابێت.

دمیتری پێسكۆڤ ئاماژەی بە بەردەوامی لێکۆڵینەوە لە بارەی هێرشەکە کرد و، ڕایگەیاند: "هێشتا لێکدانەوەیەکی دروست نەکراوە. لێکۆڵینەوەکە درێژەی هەیە. تەنیا باس لە داتای سەرەتایی کراوە و هیچی دیکە".

گوتەبێژی کرملین پێسکۆڤ، باسی لەوە کرد کە بەهۆی بەردەوامی لێکۆڵینەوە، پێویستە چاوەڕوانی ئەو زانیارییە بکرێت کە لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساوە سەبارەت بە بابەتەکە بڵاودەکرێتەوە.

پێسکۆڤ ئەوەیشی خستەڕوو کە دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا بە چڕی کار دەکات و، بەرەنگاری هەموو ئەو تەحەددیانە بوونەتەوە کە ڕووبەڕووی ڕووسیا و کۆمەڵگە دەبنەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەوەی ئایا هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ بە شکستی هەواڵگریی ڕووسیا دادەنێرێت یان نا، پێسکۆڤ ڕایگەیاند: "بەداخەوە جیهانەکەمان نیشانی دەدات کە هیچ شارێک، هیچ وڵاتێک بە تەواوی بەدەرنین لە مەترسیی تیرۆر".

پێسکۆڤ ئاماژەی بە گرنگی هاریکاریی کرد لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕایگەیاند: "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پرۆسەیەکی هەمیشەییە کە پێویستی بە هاریکارییەکی تەواو گشتگیریی نێودەوڵەتیی هەیە، بەڵام لە ئێستادا کە پێدادانەکان زۆر زیادیان کردووە ئەم هاریکارییە بە تەواوی بەڕێوەناچێت".

هاوکات پێسکۆڤ باسی لەوە کرد کە هیچ دیدارێکیان لەگەڵ ڕۆژئاوا نەبووە سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی مۆسکۆ.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن