Islam Doğru
16 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2024
نیویۆرک - AA
پێشانگای دەهەمین ساڵی خەڵاتی فۆتۆی ئیستانبوڵ (İstanbul Photo Awards)، کە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی بواری وێنە هەواڵە و ئاژانسی ئانادۆڵو ڕێکیدەخات، لە نیویۆرک کرایەوە.

پێشانگاکە لە ماڵی تورک "تورک ئێڤی" کرایەوە و تیایدا سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە گوتاری کردنەوەی پێشانگاکەدا بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو کاراگۆز ئاماژەی بەوە کرد کە هەر وێنەیەک بەڵگەنامەیەک و یادەوەرییەک دروست دەکات و، ڕایگەیاند: ''لە یەکەم "Camera obscura"وە هەتا فۆتۆگرافی دیجیتاڵی ئەمڕۆمان زۆر شت گۆڕاوە. تاکە شتێک کە ناگۆڕێت ئەوەیە هەموو وێنەیەک بەڵگەنامەیەکە بۆخۆی، چونکە فۆتۆگرافی شایەتحاڵی کات و بنیاتنانی یادەوەرییە".

کاراگۆز باسی لەوە کرد ئەمساڵ فۆتۆگرافەری فەڵەستینی، محەمەد سالم بەهۆی کارەکەی لە ژێر ناوی "ژنێکی فەڵەستینی تەرمی برازاکەی لە باوەش گرتووە" خەڵاتی وێنەی ساڵی لە دەهەمین خەڵاتی فۆتۆگرافی ئیستانبوڵ وەرگرتووە و، ڕایگەیاند: "ئەو وێنانەی لە خەڵاتی فۆتۆی ئیستانبوڵدا هەڵدەبژێردرێن، تەنیا ئازاری مرۆڤ ناکەنە بەڵگە، بەڵکو یادەوەری بۆ کۆمەڵگا بنیات دەنێن".
