Murat Temizer
24 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2022
وارشۆ- AA
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتز و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جەیمز کلێڤەرلی، کاردانەوەیان بەرامبەر پەلامارەکەی پاریس نیشاندا کە تیایدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
شۆڵتز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بە هەردوو زمانی فەڕەنسی و ئەڵمانی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باسی لەوە کردووە کە ئەو پەلامارە بووەتە هۆی هەژاندنی فەڕەنسا و پاریس.
بەهەمان شێوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بایەربۆک لە هەژماری خۆی نووسیوویەتی: "پێویستە هەرگیز کینە براوە نەبێت".
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، جەیمز کلێڤەرلی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ چەند هەواڵێکی دڵتەزێنمان دەربارەی پەلامارە چەکدارییەکەی پاریس بیست".
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە تویتەر پەلامارەکەی بە رووداوێکی تۆقێنەر وەسف کردووە و نوسیوییەتی "کینە نایباتەوە".
- پەلاماردەرەکە پێشتریش هێرشی کردبووە سەر ناوەندێکی کۆچبەران
بەهۆی دەستڕێژی گوللەی هاووڵاتییەکی فەڕەنسی لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، لایەنی کەم سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
لە راگەیاندنەکانی فەڕەنسادا ئەوە خراوەتەڕوو کە پەلاماردەرەکە کارمەندێکی خانەنشینی هێڵی ئاسنە و پێشتریش دوو جار لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠٢١دا هەوڵی کوشتنی داوە، لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١یشدا بە شمشێرەوە هێرشی کردووەتە سەر ناوەندێکی کۆچبەرانی شاری پاریس و دوو کۆچبەری بریندار کردووە، بەمهۆیەشەوە زیندانی کراوە و لەم مانگەدا لە زیندان ئازاد بووە.
- لەیەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پۆلیسی پاریس
گرووپێک لە لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هێرشی بەردەم بینای ستراسبۆرگ سانت دێنیس ناسراو بە ناوەندی رۆشنبیری ئەحمەد کایا لە پاریس بۆ سەر کوردەکان ئەنجام دراوە، لە ناوچەکەدا پەلاماری پۆلیسیان دا و زیانیان بە ئۆتۆمبێل و دوکانەکان گەیاند. هێزەکانی پۆلیس رێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.
لە کاتی پەلامارەکانیشدا لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، دروشم و هێماکانی تایبەت بە رێکخراوەکەیان بەرز کردەبووەوە.
بەرپرسێکی ئاسایش ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە پێکداهەڵپژانی لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و هێزەکانی پۆلیسدا، لایەنی کەم شەش پۆلیس بریندار بوون.