Dmitri Chirciu,Ömer Aşur Çuhadar
31 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2024
مۆسکۆ – AA
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی ھێرشەکەی شاری بێلگۆرۆد باشووری ڕۆژئاوای ڕووسیا کوژراون، بەرزبووەوە بۆ ٢٠ کەس.
وەزارەتی فریاکەوتنی ڕووسیا لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە، لە ھێرشەکەی سەر شاری بێلگۆرۆد، تا ئێستا ٢٠ کەس کوژراون و ١١١ دیکەش برینداربوون.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەریتانیا و ئەمریکا تێوەگلاون لە ئەنجامدانی ھێرشەکەی ئۆکراینا بۆسەر بێلگۆرۆد.
لای خۆیەوە لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ھێرشەکە دەست پێ کردووە.
ھەر لەوباریەوە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، دمیتری مێدڤێدێڤ ڕایگەیاندووە کە ھێرشەکەی سەر شاری بێلگۆرۆد، لاوازی سوپای ئۆکراینا لە بەرەکانی جەنگدا دەردەخات.
ھەروەھا کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤ لە ڕووسیا، تاتیانا مۆسکالکۆڤا داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە ھێرشەکەی سەر شاری بێلگۆرۆد سەرکۆنە بکەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، بەھۆی ھێرشەکانی ئۆکرانیا بۆسەر شاری بێلگۆرۆد، ڕووسیا داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە.
ھاوکات وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە ئۆکراینا لەسەر ئەو تاوانە، بەبێ سزا تێناپەڕێت.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی رووسیا ڕایگەیاندبوو کە ئۆکراینا بە ئاراستەکردنی دوو مووشەک، ھێرشی کردووەتە سەر شاری بێلگۆرۆد و لە ئاکامدا ١٢ کەس کوژراون و ١٠٨ دیکەش برینداربوون.