Davit Kachkachishvili
16 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2023
کیێڤ – AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی راگەیاند، ژمارەی ئەوکەسانەی کە لە ئاکامی هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێی سوپای رووسیا لە دنیپرۆ گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە ٣٠ کەس و زیاتر لە ٣٠ی دیکەیش چارەنووسیان نادیارە.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە شەوی رابردوو بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە دا کە پرۆسەی فریاکەوتن و رزگارکردن لەژێر داروپەردووی ئەو باڵەخانە نۆ نهۆمییەی شاری دنیپرۆ کە لە ئاکامی بەرکەوتنی مووشەکێکی رووسی زیانی بەرکەوت بەردەوامە.
سەرۆکی ئۆکراینا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ژمارەی ئەو مەدەنییانەی لە ئاکامی هێرشەکەدا کوژراون گەیشتووەتە ٣٠ کەس و زیاتر لە ٣٠ی دیکەیش چارەنووسیان نادیارە و گوتی: "تاکوو تۆزقاڵێک هیوا مابێت هەڵمەتەکانی گەڕان و فریاکەوتن بەردەوام دەبن".
زێلێنسکی رووسیای بە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئۆکراینا تۆمەتبار کرد و داوای کرد، سزاکانی سەر رووسیا زیاتر بکرێن.
- "پێکدادانە توندەکان لە دۆنباس بەردەوامن"
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی لەبارەی دوا پێشهاتەکانی بەرەی جەنگیشەوە ئاماژەی بەوە دا کە پێکدادانە توندەکان لە دۆنباس بەردەوامن.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە پێکدادانەکان بەچڕترین شێوە لە ڵوهانسک و دۆنێتسک بەردەوامن و گوتی: "جەنگ لە سۆڵیدار، باخموت و تەواوی ناوچەی دۆنێتسک بەبێ هیچ جۆرە ناوبڕ و وچاندانێک بەردەوامە".