Gökhan Çeliker
18 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ڕایگەیاند: "وەک وڵات ئاشتیی دەخوازین، دەمانەوێت جەنگ کۆتایی بێت، بەڵام بێگومان دەمانەوێت ئەم کۆتاییهاتنی جەنگە پشت ئەستووربێت بە گەرەنتیگەلێکی ئەمنیی دیاریکراو. دەمانەوێت ئەم گەرەنتیە ئەمنییانە لەلایەن گشت ئەورووپاوە بەتایبەتی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و تورکیاوە بدرێت".
زێلێنسکی کە لە چوارچێوەی سەردانە فەڕمییەکی بۆ تورکیا لە ئەنقەرەیە، لە میانی کردنەوەی بینای نوێی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە، گوتارێکی پێشکەش کرد.

زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە پێشتر لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆبوونەوەیان کردووە و، تورکیا دەوری نێوەندگیری لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا لەئەستۆ گرتووە.
سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی ئاماژەی بە هاوکارییەکانی تورکیا کرد لە بارەی ئاڵوگۆڕی دیل و، تیشکی خستەسەر ئەوەی کە گەڕانەوەی ئۆکراینییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان و ئاسایشی خۆراک بۆ وڵاتەکەی گرنگن.

گوتیشی: "لە سایەی هەوڵەکانی تورکیاوە توانیمان ڕێڕەوی خۆراک دروست بکەین، بەڵام بەهۆی ڕووسیاوە ئەو ڕێڕەوی خۆراکە تێکچوو و، خەڵکی لە سەرانسەری جیهان بەتایبەتیش ئەوانەی پێویستیان پێی بوو نەیانتوانی ئەم بەرهەمانە وەرگرن".
زێلێنسکی سوپاسی تەواوی ئەو وڵاتانەی کرد کە لە پێناو ئاسایشی خۆراکدا کاریان کردووە و، باسی لەوە کرد کە چەندین تۆن بەرهەمیان ڕەوانی وڵاتانی ئەفریقا و سووریا کردووە و، ئەوەیش گرنگە کە لە وڵاتەکەمانەوە نێردراوە.

سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە گرنگیی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی کرد و، ڕایگەیاند: "وەک وڵات ئاشتیی دەخوازین، دەمانەوێت جەنگ کۆتایی بێت، بەڵام بێگومان دەمانەوێت ئەم کۆتاییهاتنی جەنگە پشت ئەستووربێت بە گەرەنتیگەلێکی ئەمنیی دیاریکراو. دەمانەوێت ئەم گەرەنتیە ئەمنییانە لەلایەن گشت ئەورووپاوە بەتایبەتی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و تورکیاوە بدرێت".
زێلێنسکی ئەوەیشی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرکۆمار ئەرردۆغان تاوتوێی ئەم پرسانە دەکەن.