Zana Natık Kerem
08 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2017
بەغدا ــ AA
ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق، نەقیب ئەحمەد خەڵەف رایگەیاند كە ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەكەی ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا گەیشتووەتە، ٢٨ كەس.
ئەحمەد خەڵەف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكەی ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١٠ كوژراو و ١٨ بریندار".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا كە بەهۆی سەختی برینی ژمارەیەك لە بریندارەكان، پێشبینی دەكرێت ژمارەی كوژراوەكان بەرز ببێتەوە.
ئەفسەرەكە باسی لەوەش كرد كە دوای تەقینەوەكە، هێزەكانی ئەمنی رێوشوێنە ئەمنییەكانیان لە دەروازەكانی سەرجەم ناوچەكانی بەغدا توند کردووە.
پێشتریش ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق، ملازمی یەك موئەیەد جبووری بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە بەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك بازاڕی جەمیلە ناوچەی سەدر رۆژهەڵاتی بەغدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شەش كەس كوژران و ١٢ی دیكەش بریندار بوون.